ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەکەی مەغریب دوو هەزار کەسی تێپەڕاند

K24 - هەولێر
وەزارەتی ناوخۆی مەغریب بڵاویکردەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەکەی هەرێمەکانی ئەلحۆز و مەراکیشەوە، گەیشتووەتە دووهەزار و 12 کەس، کە لەو ژمارەیەک زیاتر لە هەزار و 400 کەسیان لە هەرێمی ئەلحۆز بوون.
وەزارەتی ناوخۆی مەغریب بڵاویشیکردەوە، جگە لەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، ژمارەی بریندارانیش دوو هەزار کەسی تێپەڕاندووە کە باری تەندروستی بەشێکیان خراپە. سوپا و هێزە ئەمنییەکانیش رەوانەی ناوچەی زیانمەندەکان کراون بۆ بەهانەوەچوونی لێقەوماوان.
هەڵمەتی تیمەکانی گەڕان و رزگارکردنی ئەو کەسانەی لەژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانە وێرانەکاندان بەردەوامە.
دوێنێ شەممە 9/9/2023، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.8 پلەی رێختەر چەند ناوچەیەکی وڵاتی مەغریبی هەژاند.