وەزیری نەوتی عێراق: ئاسانکاری بۆ دۆزینەوەی کێڵگەی نوێی نەوت دەکەین

"یەدەگی نەوتمان بۆ شەش ملیار بەرمیل زیاد کردووە"

حەیان عەبدولغەنی، وەزیرى نەوتى عێراق
حەیان عەبدولغەنی، وەزیرى نەوتى عێراق

K24 - بەغدا

وەزیرى نەوتى عێراقی رایدەگەیەنێت، لە یەک ساڵی کابینەی نوێی عێراق، توانیویانە یەدەگی نەوتی بۆ شەش ملیار بەرمیل نەوت و یەدەگی غازیش بۆ 32 ملیار مەتر سێجا زیاد بکەن.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیرى نەوتى عێراق لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ پڕۆژەکانی نەوت و غاز لە بەغدا رایگەیاند، حکومەت ئاسانکاری بۆ کۆمپانیاکان دەکات بۆ ئەوەی لە پارێزگاکان بە دوای کێڵگەی نوێی نەوت و غاز بگەڕێن و ئاشکراشی کرد، لەم کابینەیە یەدەگی نەوت و غاز زیادی کردووە.

وەزیری نەوتی عێراق، گوتی: "وەزارەتی نەوت لە پشتیوانیکردنی کۆمپانیاکان بەردەوام دەبێت و ئاسانکاریشیان بۆ دەکات، بەمەبەستی گەڕان و دۆزینەوەی کێڵگەی نوێی نەوتی لە پارێزگاکان، هەموو لایەک دەزانێت ئێمە هەنگاوی باشمان لەبارەی وەبەرهێنان لە بواری نەوت هاویشتووە، لە رێگەی مۆڵەتدانی نوێوە، کە لە خولی یەکەمی دانوستانەوە بۆ خولی پێنجەم دەستپێدەکات و لە سەرەتای پێکهێنانی ئەم حکومەتەوە واژۆکراون، لەو رێگەیەشەوە توانیومانە یەدەگی نەوتی بۆ شەش ملیار بەرمیل نەوت و یەدەگی غازیش بۆ 32 ملیار مەتر سێجا زیاد بکەین، هەموو ئەوانەش لە رێگەی وەزارەتەکەمان لە ماوەی یەک ساڵی ئەم کابینەیەدا بەدەستهاتوون".

Fly Erbil Advertisment