بومەلەرزەکەی مەغریب لاوازی ژێرخان و خزمەتگوزارییەکانی هەرێمی ئەلحوزی ئاشکرا کرد

K24 - هەولێر

دیمەنە وێرانکارە گەورەکەی کە بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی هەرێمی ئەلحوزی ناوەڕاستی مەغریبی گرتەوە، ئەو کێشە فرەڕەهەندە گەشەپێدان و کۆمەڵایەتیانەی رووبەڕووی گوند و شارۆچکەکانی ئەو ناوچەیە بووەتەوە ئاشکرا بووە، کە زیاتر لە هەزار و 643 کەس لە دانیشتووانی ئەو هەرێمە گیانیان لەدەستدا.

تا رۆژی سێشەممە، دەسەڵاتدارانی مەغریب رایگەیاندبوو، کۆی گشتی قوربانیانی بوومەلەرزە وێرانکەرەکە گەیشتووەتە دوو هەزار و 901 کەس، کە زیاتر لە نیوەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، لە هەرێمی ئەلحوز بوونە، کە ناوەندی بوومەلەرزەکە بووە، هاوکات پێنج هەزار و 530 کەسیش برینداربوون.

بەپێی دوایین داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای پلاندانانی مەغریب، هەرێمی ئەلحوز نزیکەی 572 هەزار کەسی تێدا نیشتەجێیە.

عەبدەڕەحیم ئەلعەلام، مامۆستای زانکۆی قازی عەیاز لە مەراکش دەڵێت: ئەو بوومەلەرزەیەی کە تێیدا تەواوی کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون کەوتنە ژێر داروپەردوو، دۆخی هەژاری و پێویستی ئەو ناوچەیە ئاشکرا دەکات، کە دانیشتوانی ناوچەکە تووشی بوون، هەروەها لاوازی ژێرخان و خزمەتگوزارییەکانیشی ئاشکرا کرد.

ئەلعەلام روونیشیکردەوە، هەرێمی ئەلحوز بەدەست دواکەوتنی گەشەپێدانەوە دەناڵێنێت، بەو پێیەی هەژارترین ناوچەیە لەسەر ئاستی نیشتمانی ئەو وڵاتە، ئاماژەی بەوەشکرد، ناوچەی ئیغیل کە ناوەندی بوومەلەرزەکەیە، یەکێک لە هەژارترین ناوچەکانی وڵاتە.

هەرێمەکە زیاتر پشت بە کشتوکاڵ دەبەستێت بۆ سامانەکانی بەتایبەت کێڵگەکانی زەیتون و گوێز، جگە لە کەرتی ئاژەڵداری، گەشتوگوزاریش یەکێکە لە پایەکانی ئابووری ناوخۆیی لە شاری ئەلحوز کە دیمەنی سروشتی سەرسوڕهێنەری هەیە و نزیکە لە شاری مەراکش، کە شوێنێکی گەشتیاری جیهانییە.

هەروەها دانیشتوانی ناوچەکە پشت بە دروستکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و کاری دەستی وەک کۆفە، قوماش، بەرد نەخشاندن و دروستکردنی فەرش دەبەستن، بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی رۆژانەیان بەدەست بهێنن.

Fly Erbil Advertisment