شارەوانی سلێمانی: هەر دووکاندارێک تەنەکەی خۆڵی نەبێت سزا دەدرێت

K24 – سلێمانی:

هەر دووکاندارێک لەسلێمانى  تەنەکەی خۆڵی نەبێت، بەپێی رێنماییەکانى  شارەوانی سلێمانی سزادەدرێت، پێویستە هەموو خاوەن کار و دووکاندارێک لەسەر شەقامی گشتی بێت یاخود شەقامی لاوەکی، شوێنی فڕێدانی پاشەڕۆ (تەنەکەی زبڵ)ـی هەبێت، بڕیارەکە بەشێک لەخاوەن دووکانەکانى نیگەران کردووە و شارەوانیش دەڵێت، جارى یەکەم ئاگادارکردنەوەیە دواتر سزاکان مادیى و داخستن دەبێت.

بۆ لەمەودوا پێویستە هەموو خاوەن کار و دووکاندارێک لەسەر شەقامی گشتی بێت یاخود شەقامی لاوەکی تەنەکەیەکى زبڵى لەپێش شوێنی کارەکەى دابنێت، ئەمە بڕیارى شارەوانى سلێمانییە و دەستکراوە بەجێبەجێکردنى،  بڕیارەکە نەخۆشخانە تایبەتەکانیش دەگرێتەوە، بەشێک لەدووکاندارانى بازارى سلێمانى دەڵێن، "بڕیارەکە باش و خراپی تێدایە چونکە هەموو دووکانێک وەکو یەک خۆڵ و خاشاکى نییە".

بڕیارەکە جیبەجێ کراوە، سەرەتا ئەگەر خاوەن دووکانەکە تەنەکەی خۆڵی نەبێت لەلایەن شارەوانی ئاگادار دەکرێتەوە، ئەگەر ئاگادارکرابێتەوە سەرپێچییەکەشی دووبارە کردبێتەوە، ئەوا یان دەبێت پێبژاردنەکە راستەوخۆ بدات، یاخود شوێنی کارەکەی دادەخرێت.

لەلایەن خۆیەوە، زەردەشت رەفیق ،گووتەبێژى شارەوانى سلێمانى، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەرەتا ئێمە سەردانی ئەو دوکانەنە دەکەین کە تەنەکەی خۆڵیان نییە و ئاگاداریان دەکەیەنەوە کە تەنەکەی خۆل دابنێن، ئەگەر دوای ئاگەدارییەکەش پابەندی رێنماییەکان نەبوون دەبێت پێبژاردنی راستەوخۆ بدەن، ئەگەر راستەوخۆش پێبژاردنەکەیان نەدا شوێنی کارەکانیان دادەخرێن.

پێبژاردنەکە لە 100 هەزار دینارەوە دەست پێدەکات، شارەوانى سلێمانى دەڵێت، "پاراستن و پاکڕاگرتنی شوێنە گشتییەکان ئەرکی ئێمەیە، بۆیە ناچارین بۆ پاراستنی ژینگە، سزا بۆ ئەو کەسانە دیاری بکەین کە دەبنە هۆی پیسبوونی شەقام و شوێنە گشتییەکان ، سزاکەش لە بەرژەوەندی خەڵکە".

بڕیارەکەی شارەوانی سلێمانی بۆ ئەوەیە دیمەنی ناو بازاڕ و پێش دوکان و مارکێتەکان هەمیشە بە خاوێنی بمێنێتەوە، هەر دوکاندارێکیش پابەند بە بڕیارەکەی شارەوانی نەبێت سزای ماددی دەدرێت.

Fly Erbil Advertisment