هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە

K24 - واشنتن

ئەمڕۆ دەبێتە شەش مانگ هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دوای بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس وەستاوە، زیانەکانی وەستانی نەوتەکە لە بودجە و ژێرخانی عێراق و هەرێمی کوردستان نزیکدەبێتەوە لە شەش ملیار دۆلار بەو پێیەی رۆژانە عێراق 30 بۆ 40 ملیۆن دۆلار زیان بە داهاتەکەی دەکەوێت. ئیدارەی واشنتن لەگەڵ راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان نەبووە و بەردەوامیش هانی بەغدا، هەولێر و ئەنکەرەی داوە کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەربکەن

پێدەچێت فشارەکانی ئەمەریکا لە ئاستی ئیدارەی واشنتن و کۆنگرێس تینی زۆری بۆ بەغدا هێنابێت، بۆیە پێدەچێت بەغدا پەلە بکات لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان. لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەشداریکردنی لە لووتکەی ساڵانەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەگەڵ بەرپرسە ئەمریکییەکان باسیان لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کردووە.

ئینتیفاز قەنبەر، سەرۆکی دامەزراوەی موسته‌قبه‌ل له‌ واشنتن، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "نیو ملیۆن بەرمیل نەوتی کوردستان کە ئێمە رۆژانە لەدەستی دەدەین، نرخەکانی نەوتی زۆر بەرزکردووەتەوە و کاریگەری خراپیش لەسەر سەرۆک بایدن دروستدەکات. ئەمە یەکەم خاڵ. دووەم، زیان بە ئابووریی عێراق دەگەیێنێت".

گوتیشی:"حکومەتی عێراق رۆژانە 30 بۆ 40 ملیۆن دۆلار زیانی لە راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان پێدەگات، پێموایە سوودانی لە گرنگی ئەمەریکا تێگەیشتووە و دەزانێت کە خەڵکی کورد لەلایەن ئەمەریکاوە دەپارێزرێن و کەسانێکی زۆر لە واشنتن هەن لەگەڵ کوردن."

ئەمریکا لە رێگەی نوێنەرایەتی و دیپلۆماتکارەکانی لە بەغدا و هەولێر ئاگاداری ئەو بارگرانی و قورساییەیە کە کەوتووەتە سەر شانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوت و نەناردنی پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان، لەلایەکی دیکەوە گوشارەکانی کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمەریکا کە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکەن و خودی ئەو زیانەش عێراق و تورکیا دەیکەن، پێدەچێت کۆتایی بە قەیرانەکە بهێنێت.

لەلایەن خۆیەوە، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت: پرسەکە تەنیا پەیوەست بە هەولێر و بەغدا نییە، بەڵکو پەیوەست بە تورکیا و عێراقیشە، هەروەها هاندانی وڵاتانی دۆست وەک ئەمەریکا و ئەوروپا مەبەستیانە کە ئەو نەوتە هاناردە بکرێتەوە بۆ ئەوەی بەشێک لە گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێت.

ماوەی شەش مانگە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان وەستاوە، واشنتن لەسەرەتاوە لەگەڵ بڕیارەکە نەبوو، لەگەڵ سێکووچکەی بەغدا، هەولێر و ئەنکەرەش بەردەوام لە پەیوەندیدا بووە.

راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان جگەلەوەی زیانی بە بودجە و ژێرخانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە، هاوکات بووەتەهۆی کەمبوونەوەی نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل لە بازاڕی وزەی جیهانییدا، ئەمەش وایکردووە ئەمەریکا داوا بکات پەلە بکرێت لە دەستپێکردنەوەی ئەوە بڕە نەوتە.

Fly Erbil Advertisment