لە دهۆک یارییە ئاگرینەکان لەناو هۆڵی ئاهەنگ و بۆنەکان قەدەغە دەکرێت

K24 – دهۆک

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی دهۆک یارییە ئاگرینەکانی لەناو هۆڵی ئاهەنگ و بۆنەکان قەدەغە کرد.

بەرگری شارستانی دهۆک لە نووسراوێکدا رێنمایی نوێی لەبارەی یارییە ئاگرینەکان و سیستەمی ئاگرکوژێنەوە لە شوێنە گشتییەکان بڵاوکردەو و رایگەیاند، نابێت بە هیچ شێوەیەک یارییە ئاگرینەکان لە هۆڵی ئاهەنگگێڕان، هۆڵی شانۆگەری، هۆڵی هۆتێلەکان، یانەی شەوانە، باخچە تایبەتەکان و شوێنە گەشتیارییەکان هەبێت، هەر کەسێک پابەند نەبێت رێکاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

لە رێنماییە نوێیەکانی بەرگری شارستانی دهۆک ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە هەموو کۆمپانیا و کۆگا بازرگانییەکان، هەروەها هۆتێل و یەکەکانی نیشتەجێبوون و بەنزینخانەکان سیستەمی ئاگرکوژێنەوە هەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە شەوی 26ی ئەیلوولی 2023، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە حەمدانییە زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 200 کەسی دیکە بریندارن.

بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی دهۆک لە ماوەی نۆ مانگی رابردوودا هەزار و 196 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری پارێزگای دهۆک تۆمار کراوە، بەهۆیەوە حەوت کەس برینداربوونە.

.
.

 

Fly Erbil Advertisment