نەوزاد شێخ کامیل: بەشەخۆراکی زۆر لە کۆگاکان هەیە و لە دابەشکردنی بەردەوام دەبن

نەوزاد شێخ كامل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانى
نەوزاد شێخ كامل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانى

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرى گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، خۆراکی زۆر لە کۆگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە و دەستیان کردووە بە هەشتەم بەشەخۆراکی مانگانە بەسەر هاووڵاتییان.

رۆژی دووشەممە (2ـی تشرینی یەکەمی 2023) نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەرى گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاند، هەشتەم بەشەخۆراکی مانگانەى هاووڵاتییان کە شەش کەرەستەى خۆراکی لەخۆدەگرێت، بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێن.

نەوزاد شێخ کامیل، ئاماژەی بەوەشکردووە، "پرۆسەى دابەشکردنی بەشەخۆراکی هاووڵاتییان بەردەوامە و تا ئێستا حەوت بەشەخۆراک دابەش کراوە؛ ئێستا خەریکین هەشتەم بەشەخۆراک بۆ ئەمساڵ بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بکەین."

لەبارەى کەرەستە خۆراکییەکانەوە بەڕێوەبەرى گشتیی بازرگانی رایگەیاندووە، بریتین لە شەکر، برنج، زەیت، دۆشاوى تەماتە، نیسک و لەتکەنۆک، هەروەها دابەشکردنی حەوتەمین بەشەئاردیش دەستی پێکردووە."

نەوزاد شێخ کامیل جەختی کردەوە کە خۆراکی زۆر لە کۆگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەن و پرۆسەى دابەشکردنیان بەسەر هاووڵاتییاندا بەردەوام دەبێت.

رۆژی هەینی (29ـی ئەیلوولی 2023)، وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، دوو کەشتی بارهەڵگر کە بڕی 42 هەزار تۆن برنجی تایلەندی و 10 کۆنتێنەر نیسکی کەنەدی هەڵگرتووە، گەیشتووەتە بەندەری ئوم قەسڕ.

لەبارەی ئەو برنجەی گەیشتووەتە، لوما هاشم موسەوی ئاشکرایکردووە، بڕی ئەو برنجە تایلەندییەی گەیشتووەتە بەندەری ئوم قەسڕ، کۆی گشتی دەگاتە 42 هەزار تۆن و لە فەردەی 25 کیلۆیی دایە و دوای دەرچوونی لە پشکنینەکانی دڵنیایی جۆریی، ئەوا بەسەر بریکارەکانی خۆراک دابەشدەکرێت.

پێشتریش وەزارەتی بازرگانی عێراق جەختی لەسەر ئەوەکردەوە، بەردەوامە لە دابینکردنی سەرجەم پێکهاتەکانی بەشەخۆراکی مانگانە و بڕێکی زۆر لە کۆگاکانی هەیە بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە بەردەوام بێت، وەک بەشێک لە هاوکاریکردنی هاووڵاتییان کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی خواردەمەنی لەسەر ئاستی جیهان، هاووڵاتییانی عێراقیش رووبەڕووی زەحمەتی بوونەتەوە لە دابینکردنی بەشەخۆراکی رۆژانەیان.

لەگەڵ ئەوەشدا، وەزارەتی بازرگانی رایگەیاند، لە سایلۆکانەوە بەردەوامن لە دابینکردنی گەنم بۆ ئاشەکان و بەرهەمهێنانی ئارد، وەک بەشێک لە ئامادەکردن و تەواوکردنی پێکهاتە خۆراکییەکانی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان.

Fly Erbil Advertisment