وەزارەتی بازرگانی: دوو سایلۆی نوێ بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران ئامادەن و سایلۆیەکی دیکەش دروست دەکرێت

K24 – هەولێر:
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە گرنگیدان بە ساغکردنەوەی بەروبوومی جووتیاران و بۆ ساڵی داهاتووش، دوو سایلۆی نوێ گەنجی جووتیاران وەردەگرن و سایلۆیەکی دیکەش لە هەڵەبجە دروست دەکرێت.
رۆژی دووشەممە (2ـی تشرینی یەکەمی 2023) نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەرى گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاند بۆ ساڵی داهاتوو، دوو سایلۆی نوێ کە لە کەلار و رۆڤیا دروستکراون دەچنە هەشت سایلۆکەی دیکەی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی بەروبوومی گەنمی جووتیاران.
هەروەها نەوزاد شێخ کامیل ئاشکرایکرد، وابڕیارە سایلۆیەکی نوێ لە پارێزگای هەڵەبجە دروست بکرێت و ئاماژەی بەوەشکردووە، "دروستکردنی سایلۆکان، یەکێکە لە بنەماکانی دروستکردنی ژێرخانی ئابووری بۆ ئاسایشی خۆراکی وڵات، لەو سۆنگەوە لە پلانی کابینەى نۆیەمدا، بەردەوام هەوڵدراوە سایلۆى زیاتر دروست بکرێن، چونکە بەرهەمی گەنم هەڵدەگرێت و لە خراپبوون دەیپارێزێت".
ئەو بەرپرسەی وەزارتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، لەم کابینەیەدا ژمارەیەک بەرهەمی خۆماڵیی جووتیارانی کوردستان هەناردەی دەرەوە کراون و هەوڵیش دراوە بەرهەمە کشتوکاڵییە خۆماڵییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، لە بازاڕەکانی وڵاتان بفرۆشرێن.
نەوزاد شێخ کامیل راشیگەیاند، پێش وەزرى بەرهەمهێنانی گەنم، هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵى کوردستان و عێراق کۆدەبنەوە و بەپێی رووبەرى داچێنراو پلانی وەرگرتنی گەنم دادەڕێژن. لە ساڵی رابردوودا وەرگرتنی گەنم بێسنوور بوو، بەڵام ئەمساڵ چونکە گەنم زۆر بوو، هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ لەسەر ئەوە رێککەوتن 500 هەزار تۆن گەنم وەربگرن، بەڵام دواتر بەهۆی زۆری بەرهەمی گەنم ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارىدا، لیژنەیەک لە وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی و دەستەى وەبەرهێنان پێک بێنێت، لەگەڵ دوو کۆمپانیاى ناوخۆیی گفتوگۆیان کرد، هەردوو کۆمپانیا ئەو بڕە گەنمەیان وەرگرتن و عەنباریان کرد.
لەبارەی پارەى جووتیاران بۆ 500 هەزار تۆن گەنمەکە، کامیل گوتی، پارەکە زیاتر لە 411 ملیار دینارە، ئەوەى هاتووە 234 ملیار بووە، ئەوەى ماوەتەوە زیاتر لە 167 ملیار دینارە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو پارەیەش بەسەر جووتیارانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکرێت و ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا پارەکە تەرخانکراوە و ئومێد دەکەین بەو نزیکانە بینێرن، چونکە هەر پارەی هەرێمی کوردستان نییە، پارەی جووتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیشی تێدایە.
سەبارەت بە ناردنی بەرهەمی خۆماڵی بۆ دەرەوەى کوردستان، نەوزاد شێخ کامیل باسی لەوەکرد، ساغکردنەوەى بەرهەمەکانی جووتیاران ئەرکی حکومەتی هەرێمە، ئەمساڵ بڕێکی باش هەنار و پەتاتە نێردرایە دەرەوە، ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکرێت دۆشاوى تەماتە و هەنگوین بنێرینە دەرەوە.
هاوکات باسی لەوەشکردووە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگیپێدەرى ناردنی بەرهەمی ناوخۆییە بۆ دەرەوە، بۆیە لە هەموو سەردانەکانی لە دەرەوە، بازاڕسازی بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی کوردستان دەکات، تا ئێستا شەش بەرهەمی ناوخۆ گەیشتوونەتە بازاڕەکانی دەرەوە و لەڕووی جۆر و نرخیشەوە برەویان هەیە.
رۆژی 27ـی ئایاری 2023، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و دوای ئەوەی بەغدا بڕی 375 هەزار تۆنی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دیاریکردبوو، شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ سەردانی بەغدای کرد و ئەو بڕە بۆ 500 هەزار تۆن گەنم زیادکرا بەشێوەیەک، نزیکەی 230 هەزار تۆن گەنم لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، 145 هەزار تۆن لە سنووری پارێزگای هەولێر و 125 هەزار تۆن گەنمی دیکەش لە سنووری پارێزگای دهۆک لە جووتیاران وەرگیرا و نرخی هەر تۆنێکیش بە 850 هەزار دینار دیاریکرا.