کوردستان24 و زانکۆی سەڵاحەدین یاداشتێکی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن

واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان دامەزارەی میدیایی کوردستان24 و زانکۆی سەڵاحەدین 12/10/2023 - هەولێر
واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان دامەزارەی میدیایی کوردستان24 و زانکۆی سەڵاحەدین 12/10/2023 - هەولێر

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12/10/2023، لە رێوڕەسمێکدا یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 و زانکۆی سەڵاحەدین واژۆکرا، ئەو لێکتێگەیشتنە کە تایبەتە بە دیسکی ئابووری، سوود لەو توێژینەوانەی وەردەگیرێت کە لە رووی ئابوورییەوە ئامادەدەکرێن و کوردستان24 کاریان لەسەر دەکات، ئەو بابەتە ئابوورییانەی لە کوردستان24 گرنگیان پێدەدرێت بە لێدوان و گفتوگۆی پسپۆڕ و شارەزایانی ئابووری لە زانکۆی سەڵاحەدین زیاتر شی دەکرێت.

پ. ی. د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 گوتی: "وەک سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدین خۆشحاڵین کە لێکتێگەیشتنێکی وا گرنگمان لەگەڵ دامەزراوەی کوردستان24 لە بواری ئابووری واژۆکرد، ئەو پڕۆژەیە بۆ شیکردنەوەی ئابوورییە و گرنگییەکی زۆری دەبێت بۆ ئابووری هەرێمی کوردستان".

گوتیشی: "ئێمە وەکو زانکۆی سەڵاحەدین دەتوانین کۆلیژی بەڕێوەبردن و ئابووری، بەشی ئابووری و مامۆستایانمان لەگەڵ دامەزراوەی کوردستان24 وەک یەک تیم ئیش بکەین، بۆ ئەوەی کێشە و پێشنیازەکانمان بدەینە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە گشتی پڕۆژەکە زۆر بە گرنگ دەزانین".

سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین روونیکردەوە، لە داهاتوودا کۆبوونەوە و کۆنفرانسی هاوبەش لەلایەن کوردستان24 و زانکۆی سەڵاحەدین دەکرێت.

ئەحمەد زاوێتەیی، بەڕێوەبەری گشتی دامەزراوەی میدیایی کوردستان24، لەبارەی یاداشتی لێکتێگەشتن لەگەڵ زانکۆی سەڵاحەدین، گوتی: "کوردستان24 وەک دامەزراوەیەکی میدیایی ناسراو لە هەرێمی کوردستان و زانکۆی سەڵاحەدین وەک بەرزترین دەزگای زانستی و ئەکادیمی، بە گرنگمان زانی هەردوولا سوود لە یەکتر وەرگرین، ئێمە وەکو دامەزراوەیی میدیایی دیسکی جیاوازمان هەیە یەکێک لەوانە دیسیکی ئابوورییە، بۆ دەرخستنی کێشە ئابوورییەکان بەشێوەیەکی ئەکادیمی و گرنگیدان و پێشخستنی ئابووری لە هەرێمی کوردستان بە گرنگمان زانی ئەو لێکتێگەیشتنە لەگەڵ زانکۆی سەڵاحەدین واژۆ بکەین، بۆ ئەوەی سوود لە بەشی ئابووریی و شارەزایی و ئاستی ئەکادیمی پسپۆڕ، لێکۆڵەر و مامۆستایانی تایبەتمەندی ئەو بەشە وەربگرین، بۆ دیسیکی ئابووری خۆمان".

بەڕێوەبەری گشتی دامەزراوەی میدیایی کوردستان24، راشیگەیاند: "یاداشتی لێکتێگەشتنمان لەگەڵ زانکۆی سەڵاحەدین دوو لایەن لە خۆدەگرێت، یەکەم رووماڵکردنی چالاکییە ئابوورییەکانی بەشی ئابووری لە زانکۆی سەڵاحەدین، هەروەها گرنگیدان و بڵاوکردنەوەی ئەو لێکۆڵینەوانەی پسپۆر و لێکۆڵەر و مامۆستایانی زانکۆی سەڵاحەدین لەبارەی ئابوورییەوە، ئەوانیش ئامادەبن هەر کاتێک پێویستمان بێت شارەزا و لێکۆڵەرەکانی خۆیان بنێرنە لای ئێمە بۆ ئەوەی لە شاشەی کوردستان24 قسە بکەن و شیکردنەوە بۆ بابەتە گرنگە ئابوورییەکان بکەن".

ئاماژەی بەوەشدا: "لەمەودوا کۆبوونەوە لەنێوان بەشی ئابووری کوردستان24 و بەشی ئابووری زانکۆی سەڵاحەدین دەبێت و گفتوگۆ لەبارەی بابەتەکانی پەیوەست بە ئابووری دەکەن، ئەوان دەتوانن پێشنیاز بۆ ئێمە بکەن، هەروەها دیسکی ئابووری ئێمەش پێشنیاز بداتە ئەوان، بۆ ئەوەی هەردوولا سوود لە یەکتر وەرگرین".

ئەحمەد زاوێتەیی، هیواشی خواست لە داهاتوودا بتوانن لە بوارەکانی دیکەش لێکتێگەیشتمان لەگەڵ زانکۆکان هەبێت.

Fly Erbil Advertisment