عێراق هاوردەکردنی چەند بەرهەمێکی کشتوکاڵی لە ئێرانەوە قەدەغە کرد

K24 - هەولێر
بەرپرسێکی رێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی ئێران رایگەیاند، عێراق هاوردەکردنی هەندێک بەرهەمی کشتوکاڵی لە ئێران بەشێوەیەکی کاتی قەدەغە کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، فەرزاد بیلتن، بەڕێوەبەری ئۆفیسی رۆژئاوای ئاسیا لە رێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی ئێران، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "بەپێی راگەیاندنی نوسراوێکی بازرگانی لە باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران، لە چوارچێوەی پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وەک تەماتە ، خەیار و شووتی لە ئێرانەوە بەشێوەیەکی کاتی قەدەغە دەکرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، "قەدەغەکردنی هەناردەی بەرهەمی پەتاتە بۆ عێراق بەردەوام دەبێت".
بیلتن جەختیکردەوە، "هەناردەکردنی ئێران بۆ عێراق لە نیوەی یەکەمی ساڵی دارایی، لە 22ـی ئەیلوولی 2023 کۆتایی هات، هەروەها هەناردەکردنی ئێران بۆ عێراق 4.5 ملیار دۆلار بووە، کە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان نزیکەی لەسەدا 20ـی ئەم قەبارەیە پێکدەهێنێت".