رۆژنامەنووسان لە سلێمانی لەژێر هەڕەشەی گرتن و نەبوونی ئازادی کارکردندان

K24 – هەولێر:
دەستگیرکردنی دوو رۆژنامەنووس لە سلێمانی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە و چەندینبارە بوونەوەی دەستگیرکردن و رفاندن و کوشتنی رۆژنامەنووسان لەو سنوورە بووەتە مەترسی بۆ سەر کاری رۆژنامەنووسی و گیانی رۆژنامەنووسان.
رۆژی دووشەممە (23ـی تشرینی یەکەمی 2023) جەمال عەبدوڵڵای نووسەر و رۆژنامەنووس دوای ئامادەبوونی لە دادگای سلێمانی، بەبیانووی بوونی فەرمانێکی دەستگیرکردنی پێشتر، دەستگیرکرا و رۆژی پێشتریش عیماد بیلالی پەیامنێری باسنیوز لە سلێمانی بە هەمان شێوە بەبێ بوونی ئاگاداری پێشوەختە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.
لەلاین خۆیەوە، دەزگای میدیایی باس لە راگەیەندراوێکدا نووسیویەتی، "سەلامەتیی ژیان و تەندروستیی هەردوو رۆژنامەنووس دەخەینە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی شاری سلێمانی کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، چونكە ئەزموونێكی تاڵ لە مامەڵەكردن لەگەڵ رۆژنامەنووسان و گیراوان لەو شارەدا هەیە".
هەر ئەمڕۆ دووشەممە (23ـی تشرینی یەکەمی 2023) رۆژنامەنووس ئازاد بایز لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رۆژی 11ـی ئەیلوول لەلایەن دەزگایەکی ئەمنی یەکێتییەوە لە قەزای چەمچەماڵ دەستبەسەر کراوە، سەرەتا بۆ یەک کاتژمێر و نیو لە ئاسایشی رۆژئاوای چەمچەماڵ هێشتوویانەتەوە و دواتر رەوانەی دژەتیرۆری سلێمانی کراوە.
هاوکات سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لەسەر دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان لە سلێمانی هاتەدەنگ و لە راگەیەندراوێکی لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوەکرد، "جەمال عەبدوڵڵا، عیماد بیلال و ئازاد بایز بەبێ ئاگاداری پێشوەختە دەستگیرکراون" جەختیکردەوە، ئەم شێوازی دەستگیرکردنە مەترسییە بۆ سەر ئازادی رادەربڕین و گیانی رۆژنامەنووسان و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی کردن.
رووداو و ئامارەکان ئەوە دەخەنەڕوو، دەستگیرکردن و رفاندن لە سلێمانی و دەوروبەری پێشینەی هەیە و لە رۆژی 16ـی تشرینی یەكەمی 2019، هەر یەکە لە رۆژنامەنووسان ئامانج بابانی و لانه محەممهد و هانۆی منداڵیان تیرۆرکرا و دواتریش دۆسیەکەیان لەلایەن دادگای سلێمانییەوە داخرا.
لە رۆژی 26ـی نیسانی 2021، هەریەکە لە رۆژنامەنووسان ئارام سایەخان و شەرمین عەلی رفێندران و لە رۆژی 31ـی ئایاری 2021ـش باخان ئازاد بەهۆی رەخنەگرتنەوە رفێندرا.
هەروەها رۆژی 27ـی حوزەیرانی 2021، شەش هاووڵاتی لە ناحیەی قۆرەتوو بەتۆمەتی بەشداریکردن لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی دەستگیرکران.
لە رووداوێکی دیکەدا، لە 25ـی تشرینی دووەمی 2021، موراد کانی کوردەیی لە رانییە تیرۆرکرا و لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2022ـش لە هەوڵێکی تیرۆریستی چەند تۆمەتبارێک کە لە سنووری سلێمانییەوە هاتبوونە هەولێر، عەقید هاوکار جافیان تیرۆرکرد.
هەر لە سلێمانی لە 9ـی تشرینی یەکەمی 2022، هەردوو رۆژنامەنووس سەرتیپ وەیسی و ئیبراهیم عەلی لەکاتی چوونیان بۆ ئەو شارە بەبێ ئاگاداری پێشوەختە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە رفێندران.