فەرەنسا بۆ ئیسرائیل: ئەرکی ئێوەیە رووبەرووی تیرۆر ببنەوە

K24 - هەولێر
ئەمڕۆ سێشەممە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە ئیسرائیل، لەگەڵ سەرۆکی ئیسرائیل، ئیسحاق هێرزۆک کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەی نێوانیان، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: ئێستا سەربازانی ئیسرائیل هەوڵدەدەن گیانی خۆیان بپارێزن، من دەمەویت دڵنیاتان بکەمەوە کە ئێوە بەتەنیا بەجێ نەهێڵدراون پشتیوانیتان دەکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، من ئێستا کە لە ئیسرائیلم لە جیاتی وڵاتەکەم ئەم قسانە دەکەم، ئەزمونێکی زۆرباشمان هەیە و ئێوە پشتیوانیتان دەکرێت، پێشم وایە ئەرکی ئێوەیە کە رووبەرووی تیرۆر ببنەوە، ئامانجەکانیشتان روونە لەو ئۆپەراسیۆنەی کە بەنیازن ئەنجامی بدەن.
ماکرۆن دڵنیایی دایە سەرۆکی ئیسرائیل و گوتی: شان بەشانی گەلەکەتان کاردەکەین بۆ ئەوەی خۆشگوزەرانی و سەقامگیری بۆ وڵاتەکەتان و ناوچەکە بگەڕێتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی ئۆکتۆبەر، ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا بۆ پاڵپشتیکردن لە ئیسرائیل گەیشتە تەلئەڤیڤ، لەگەڵ سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل کۆبووەوە، ئامانجی سەردانەکەشی نیشاندانی پاڵپشتیییە بۆ ئەو وڵاتە لە شەڕی دژی حەماس.
دوای ئەوەی رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.