کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ بەشێوەی تاقیکردنەوە لەسەر رێگەی هەولێر – پیرمام بەکاردەخرێن

کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ بە شێوەی تاقیکردنەوە لەسەر رێگەی هەولێر – پیرمام بەکاردەخرێن (وێنە: بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەولێر)
کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ بە شێوەی تاقیکردنەوە لەسەر رێگەی هەولێر – پیرمام بەکاردەخرێن (وێنە: بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەولێر)

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەولێر رایدەگەیەنێت، لەمڕۆوە و بۆ ماوەی هەفتەیەک کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ بە شێوەی تاقیکردنەوە لەسەر رێگەی هەولێر – پیرمام بەکاردەخرێن و، دوای ئەو رێکەوتەش، سەرپێچییەکان تۆماردەکرێن.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەولێر لـــە راگەیەندراوێکدا ئـامـاژەی بـــەوە کـرد، لــە ئەمڕۆ چـوارشەممەوە، 25-10-2023 تاوەکو رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، 1-11-2023، سەرجەم کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ بە درێژایی رێگەی هەولێر - پیرمام لە بازگەی هەولێر تاوەکو پشت تونێلی پیرمام وەکو 'تاقیکردنەوە' بەکاردەخرێن.

وەکو ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەولێر باسی کردووە، لە رۆژی پێنجشەممەوە، 02-11-2023، کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ سەرپێچییەکان تۆماردەکەن، "بۆیە داوا لە هەمووان دەکەین بۆ پاراستنی خۆیان، ئازیزانیان و سەروماڵیان، پابەندی ڕۆیشتن بن بەخێرایی دیاریکراو".

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هــاتووچۆی هــەولێر دەڵێت، مــەبــەســت لــە دانانی ئــەو کامێرایانە لــەســەر رێگەی هەولێر-پیرمام، پابەندکردنی شوفێرانە بە ڕۆیشتن بەخێرایی دیاریکراو، کە ئەوپەڕی خێرایی 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بۆ ئۆتۆمبێلی سالۆن و 80 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بۆ بارهەڵگرەکان و، بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتییە لەسەر ئەو رێگەیە.

بەکارخستنی کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لەسەر شەقامی 120 مەتریی هەولێر

ئەمە لە کاتێکدایە لە رۆژی دووشەممەی رابردووەوە، 23ـی ئۆکتۆبەری 2023، کامێراکانى خاڵ بۆ خاڵ لە تەواوی شەقامی خێرای 120 مەتریی شارى هەولێر کەوتوونەتە کار و وردیی کامێراکەش لە تۆمارکردنی سەرپێچیدا، ڕێژەى بەرزی مەترسی و ڕووداوەکان لەسەر شۆفێران کەمدەکاتەوە.

لەبارەى چۆنییەتی کارکردنی کامێراى خاڵ بۆ خاڵ، فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتوچۆى هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند:"سەرجەم کامێراکان لەم سیستەمەدا پێکەوە بەستراونەوە، هەموو کامێرایەک خۆکارانە وێنەی ئۆتۆمبێلەکان تۆمار دەکات، بەوەش دوو جۆر سەرپێچی تۆمار دەکەن، یەکەمیان ئەگەر ئۆتۆمبێلێک لە خێرایی دیاریکراو تێپەڕی کردبوو، ئەمە لەلایەن کامێراکەوە وەکوو سەرپێچی تۆمار دەکرێت. سەرپێچیی دووەمیش کاتێک تۆمار دەکرێت، لە کاتی خەمڵێندراوی نێوان دوو کامێرا، ئۆتۆمبێل بەپێی خێراییی و کاتی دیاریکراو نەگاتە خاڵی دووەمی کامێرا."

سیستەمی خاڵ بۆ خاڵ، لەسەر بنەماى خەمڵاندنی دوورى و کاتی نێوان کامێراکان دانراوە. بۆ نموونە گەر دووریی نێوان دوو کامێرا 2 کیلۆمەتر بێت و پێویست بێت بە 80 چرکە ببڕدرێت، ئەمە یاساییە، بەڵام گەر بە 70 چرکە بڕدرا، ئەمەیان سەرپێچییە، چونکە ئاماژەیە بۆ ئەوەى ئۆتۆمبێلەکە بە خێرایی زۆرتر لە ڕێگەپێدراو لە نێوان هەردوو کامێرا لێیخوڕیوە.

شەقامی 120 مەتری، 37 کیلۆمەترە، 11 ئۆڤەرپاس و 5 ئەندەرپاس لەخۆ دەگرێت. پانیی شەقامە سەرەکییەکە 15 مەتر بۆ هەر سایدێکە، هەر سایدێک چوار ڕێڕەوی تێدایە. شەقامی 120 مەتری، شەقامێکی خێرایە کە ئەگەر بە یاسایی بەکار نەهێنرێت، مەترسیی گەورە لەسەر شۆفێران و سەرنشینان دروست دەبێت، لەم سۆنگەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت چاودێریی پتەوی هاتوچۆ بخاتە سەر شەقامەکان، تاکوو هاووڵاتییانی لە ڕووداوەکانی هاتوچۆ بپارێزێت.

Fly Erbil Advertisment