چەکدارێک لە ئەمەریکا زیاتر لە 20 کەس دەکوژێت و دەیانی دیکەش بریندار دەکات

K24 - هەولێر
بەپێی میدیا ئەمەریکییەکان بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی پۆلیس، شەوی چوارشەممە لە رووداوێکی تەقەکردندا لە شاری لیوستن لە ویلایەتی مەین دەیان کەس کوژراون و دەیانی دیکەش بریندار بوون، دەسەڵاتە ناوخۆییەکانیش وێنەی گومانلێکراوێکیان بڵاوکردووەتەوە.
کەناڵی ئێن بی سی نیوز، بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی پۆلیسی شاری لیوستن بڵاویکردەوە، لە رووداوێکی تەقەکردندا، لانیکەم 22 کەس کوژراون و 50 تا 60 کەسی دیکەش برینداربوون.
کەناڵی "سی ئێن ئێن" لە زاری سەرچاوەکانەوە ئامارێکی جیاوازتری بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ئەنجامی رووداوی تەقەکردنەکەدا، لانیکەم 16 کەس کوژراون و نزیکەی 50 بۆ 60 کەسیش برینداربوون، گوتیشی: ئەمە رێژەی کۆتایی نییە چونکە تەقەکەرەکە دەستگیر نەکراوە.
نووسینگەی سەرۆکی شارەوانی ئەندرۆسکۆگین دوو وێنەی تۆمەتبارەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، تۆمەتبارەکە ئازادە، سەرۆکی شارەوانی داوای هاوکاری لە خەڵک کرد بۆ ناسینەوەی تۆمەتبارەکە.
لیوستن بەشێکە لە ناوچەی ئەندرۆسکۆگین و نزیکەی 56 کیلۆمەتر لە باکووری شاری پۆرتلاندەوە دوورە کە گەورەترین شاری ویلایەتی مەینە.
رۆژنامەی سەن جۆرناڵ بە پشتبەستن بە گوتەبێژی پۆلیسی شاری لیوستن بڵاویکردەوە، تەقەکردن لە سێ شوێنی جیاوازدا روویداوە.
