درۆنێک لە سنووری قەزای ئامێدی کەوتەخوارەوە

K24 – دهۆک:
پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، درۆنەکە لە گوندی مژێی سەر بە شارەدێی دێرەلووکی سەر بە سنووری قەزای ئامێدی کەوتووەتەخوارەوە.
رۆژی دووشەممە (6ـی تشرینی دووەمی 2023) پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، درۆنێک لە سنووری قەزای ئامێدی کەوتەخوارەوە.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەشدا، شوێنی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە لە گوندی مژێی سەر بە شارەدێی دێرەلووک بوو.
هەر ئەمڕۆش دژە تیرۆری کوردستان لە راگەیەنداروێکدا ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ دووشەممە، 06-11-2023، کاتژمێر 11:15ی پێشنیوەڕۆ، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا گرووپێکی چەکدارانی پەکەکەی لە گوندی بۆسکێنی سەر بە قەزای رانیەی ئیدارەی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی کردە ئامانج.
وەکو ئەوەی لە راگەیەنداروەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا "دوو چەکداری پەکەکە کوژران و دووانی دیکەش بریندار بوون."
ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە لە ساڵی 1984ـەوە تا ئێستا بەردەوامە کە ئەو رێکخراوە لەلایەن تورکیا، ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاوە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسراوە و بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە، زیاتر لە 40 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
لە ساڵی 1984ـەوە تا ئێستا نزیکەی 80 هەزار کەس لە هەردوولا (چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیا) گیانیان لەدەستداوە و بەشێکیشیان بریندار بوون. ئەم ئامارانە لە دەزگا فەرمی و نێودەوڵەتییەکان و لە لێدوانی بەرپرسانی پەکەکە وەرگیراون.