زیاتر لە سێ هەزار چەقۆ لە هەولێر دەستی بەسەردا گیرا

K24 - هەولێر

لیژنەکانی قایمقامیەتی هەولێر دەستیان بەسەر زیاتر لە سێ هەزار چەقۆ داگرت.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو چەقۆیانەی دەستی بەسەردا گیراوە، جۆرێکە لە چەک و خەڵکی پێدەکوژرێت، لە دوای بەدواداچوون و زانیاری ورد، ئەو ژمارە زۆرە لە شوێنێک دەستی بەسەردا گیراوە لەلایەن لیژنەکانی قایمقامیەتەوە.

گوتیشی: "رۆژانە لەلایەن لیژنەکانی ئێمە و شارەوانی، دەستبەسەر چەند رێژەیەکی چەقۆدا دەگیرا، دوای بەدواداچوونێکی ورد و زانیاری بۆمان دەرکەوت لەم شوێنە بەشێوەیەکی نایاسایی بە کۆ ئەم چەقۆیانە دەفرۆشێن شوێنی "جوملەیە" کە جۆرەها چەقۆی لێیە، مەترسی تەواوی لەسەر ژیانی خەڵکی هەیە، هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ چەکی ئاسایی".

نەبەز عەبدولحەمید، ئاشکرای کرد: "خاوەنی ئەو شوێنەی چەقۆکانی لێ بوو لای ئێمە دەستبەسەر کراوە و لێکۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت".

Fly Erbil Advertisment