لە هەولێر و دەوروبەری نەوتی سپی دابەشدەکرێت

K24 – هەولێر:
لە دەوروبەری سەنتەری شاری هەولێر دەست بە دابەشکردنی نەوت کرا و، بڕیارە پێش کۆتایی ئەم مانگە تەواوی خێزانەکانی دەوروبەری سەنتەری شاری هەولێر نەوت وەربگرن، هەروەها بڕیارە رۆژی 26ـی ئەم مانگەش دەست بە دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شاری هەولێر بکرێت. بەڕێوەبەری گشتی نەوت و کانزای پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت، بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو خێزانەکان نەوت وەردەگرن و دەشڵیت: تا ئێستا حکومەتی عێراق بەشی هەرێمی کوردستانی نەناردوە.
لە دەوروبەری سەنتەری شاری هەولێر دەستکراوە بە دابەشکردنی نەوتی سپی و رۆژانە چوار هەزار خێزان نەوت وەردەگرن و نەوتەکەیان بۆ دەچێتە بەردەم دەرگای ماڵەکانیان، هەر خێزانێک 200 لیتر نەوت وەردەگرێت.
نرخی نەوتی سپی بۆ دەوروبەری سەنتەری شاری هەولێر بۆ هەر خێزانێک 103 هەزار و 500 دینارە و، تا کۆتایی ئەم مانگە دابەشکردنی نەوت لە دەوروبەری سەنتەری شاری هەولێر کۆتایی دێت.
نەبەز فەقێ عەوڵا، بەرپرسی نەوت و کانزای قەزاو ناحیەکان لە بەرێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی پارێزگای هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە ماوەیەکی کەم توانیان لە قەزای شەقڵاوە، هەریر و پیرمام نەوت دابەشبکەن، ماوەی کەمتر لە دە رۆژیشە دابەشکردنی نەوتیان لە دەوروبەری سەنتەری شاری هەولێر دەستپێکردووە، رۆژانە نزیکەی 40 تانکەر نەوت بەسەر هاووڵاتییان دابەشدەکرێت.
رۆژی 26ی ئەم مانگە لەسەنتەری شاری هەولێر دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی دەکرێت و، هەر خێزانێک 200 لیتر وەردەگرن بە بڕی 105 هەزار دینار، لەم چەند رۆژەش لە سەنتەری شاری سۆرانیش دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکرێت.
لەلایەن خۆیەوە، ئاری کاکەشین، بەرێوەبەری گشتی نەوت کانزاکانی پارێزگای هەولێر، بە کوردستان24ـی گوت: لە سیدەکان، چۆمان، مێرگەسۆر، شەقڵاوە، پیرمام و هەریر دابەشکردنی نەوت کۆتایی پێهاتووە، لە رواندزیش ئێستا نەوت دابەشدەکرێت و لە چەند رۆژی داهاتووشدا لە سەنتەری شاری سۆرانیش دەست دەکرێت بە دابەشکردنی نەوتی سپی.
هاوکات گوتیشی: بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو خێزانەکان نەوت وەردەگرن 26ـی ئەم مانگە نەوتی سپی لە سەنتەری شاری هەولێر دابەش دەکرێت، هەروەها تا ئێستا حکومەتی عێراق بەشی هەرێمی کوردستانی نەناردووە.
بە بڕیاری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئەمساڵ دەبیت هەموو خێزانەکان نەوتیان بەسەردا دابەشبکرێت ئەو نەوتەش ئێستا دابەشکراوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پشتیوانی دەکرێت بە نرخێکی کەمتر دابەش دەکرێت.
پشکی هەرێمی کوردستان بۆ نەوتی سپی لە بەغدا بڕی 50 ملیۆن لیترە و ئەگەر بگات لە ماوەیەکی کورت لەسەنتەری شارەکانیش کۆتایی بە دابەشکردنی نەوت دێت.