مهترسی لهناوچوون لهسهر باڵندهكانی دهریاچهی زرێبار هەیە
K24 - هەولێر
ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان سەبارەت بە تێکچوونی ژینگەی دەریاچەی زرێبار و ئەو مەترسییانەی دەکەوێتە سەر باڵندهكانی، پێشانگهیەکی فۆتۆگرافی بۆ پەلەوەرەکانی دەریاچەکە کردەوە.
بە دەستپێشخەریی گرووپی چاودێریی پەلەوەرەکانی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان، پێشانگای وێنەی پەلەوەرەکانی زرێبار، هەر لە تەنیشت دەریاچەی زرێبار بەڕێوەچوو.
لە پێشانگاگەدا وێنەی 27 پەلەوەر نمایشکران. زۆربەی ئەو پەلەوەرانە کۆچەرین و خاڵی هاوبەشی هەموویان ئەوەیە، هەموو ساڵێ بۆ چەند مانگێک ڕوو لە دەریاچەی زرێبار دەکەن و بەشێکی ژیانیان لەم ناوچەیە بەسەر دەبەن.
وێنەکان هەموویان لە لایەن دوو کەس لە ئەندامانی گرووپی چاوەدیریی پەلەوەرەکانەوە گیراون و بۆ ئەم پێشانگایە ئامادەکراون.
جەلال پزیشک، ئەندامی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان دەڵێت: "ئەو وێنانەی ئێوە لە پێشانگەکەدا دەیبینن، بە ئاسانی نەگیراون. پەلەوەر هەبووە 365 رۆژ بەدوایدا گەڕاوم بۆ ئەوەی لە دۆخێکی باشدا بتوانم لێی نزیک ببمەوە و وێنەی بگرم. کاری وێنەگرتنی پەلەوەرەکان، کارێکی ئاسان نییە؛ رۆژ هەبووە هەشت کاتژمێر لە شوێنێک وەستاوم بۆ ئەوەی لە دۆخێکی گونجاودا وێنەی پەلەوەرێک بگرم و پیشانی خەڵک بدەم".
پێشانگاکە لەلایەن دانیشتووانی مەریوانەوە پێشوازییەکی بەرچاوی لێ کرا. بەڕێوەبەرانی فێستیڤالەکە دەڵێن ئامانجیانە بە پێشاندانی ئەم پەلەوەرانە، گرنگیی پاراستنی ژینگەی زرێبار بۆ هاووڵاتیان ڕوون بکەنەوە. ئەوان دەڵێن دەریاچەی زرێبار لە دۆخێکی خراپدایە و ئەمەش ژیانی هەموو ئەو پەلەوەرانەی خستووەتە مەترسییەوە.
دیلان سەحراگەرد، هاووڵاتییەکی مەریوانە و بەشداری لە پێشانگاکەدا کردووە، ئاماژە بەوە دەدات، "بە دانانی ئەم وێنانە، گرنگی دەریاچەی زرێبار زیاتر بۆ خەڵک دەردەکەوێت. دەبێت ئێمە دەریاچەکە بپارێزین تاوەکو ئەم پەلەوەرانە بمێنن و لە دەریاچەکە بوونیان هەبێت. ئەم پێشانگایە بۆ ناسینی خودی زرێبار و پەلەوەرەکانی زۆر گرنگە".
سۆرا سەعیدزادە، بەشداربوویەکی دیکەی پێشانگاکەیە و دەڵێت: "دەستخۆشی لە ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان دەکەم بۆ ئەم کارە جوانە. ئەم پێشانگەیە جوانی ئەم سروشتە پیشانی خەڵک دەدات، پیشانی ئەو کەسانە دەدات کە دێن بۆ مەریوان و سەردانی دەریاچەی زرێبار دەکەن".
دەریاچەی زرێبار و سروشتی دەوروبەری شاری مەریوان لە ڕۆژئاوای پارێزگای سنە کە هاوسنووری پارێزگای سلێمانیی هەرێمی کوردستانە، ژینگەی زیاتر لە 310 جۆر پەلەوەری جیاوازە. ئەمەش لە کاتێکدایە لە سەرانسەری ئەورووپا نزیک 600 جۆر پەلەوەری لێیە.
یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم پێشانگایە هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان بوو سەبارەت بەوەی نابێت بەبێ چاودێریی کەسانی پسپۆڕ خواردەمەنی بۆ پەلەوەرەکان دابنێن لەبەر ئەوەی هەر خواردەمەنییەک لەگەڵ جەستە و ژینگەی ئەو پەلەوەرانە سازگار نەبێت، دەتوانێت ژیانیان بخاتە مەترسییەوە.