قایمقامی هەولێر: دابەشکردنی نەوتی سپی لە سەنتەری شار دەستیپێکردووە
96 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ سنووری هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دابینکراوە

K24 - هەولێر
قایمقامی ناوەندی هەولێر رایگەیاند: لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، پێش هاتنی وەرزی پایز ئامادەکاری کرد کە نەوتی پێویست دابین بکات، 96 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دابینکراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 27ی تشرینی دووەمی2023، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر، بە کوردستان24ـی گوت: "لە ساڵی 2015 گرفتی دابەشکردنی نەوتی ماڵان دروست بوو، لەبەر قەیرانی دارایی و شەڕی داعش، هەروەها نەمانی پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی ئەو قەیرانەی تووشی ببوو، نەیتوانی نەوتی سپی ماڵان بە پێی پێویست دابین بکات، حکومەتی فیدراڵیش، پاڵپشتی کەرتی سوتەمەنی هەرێمی کوردستانی نەکرد.
گوتیشی: "ساڵانی رابردوو بەهەر جۆرێک بووایە نەوت دابەش دەکرا، نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان، لە سنووری قەزا و ناحییەکان دەدرا، بەڵام بەهۆی کەمی ئەو بڕە نەوتەی کە لەبەردەستدا بوو، نە دەتوانرا لە سەنتەری شارەکان دابەش بکرێت".
نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی ناوەندی هەولێر راشیگەیاند: "ئەمساڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێش هاتنی وەرزی پایز، ئامادەکاری کرد کە نەوتی پێویست بۆ هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات".
ئاماژەی بەوەشدا: "ئەمساڵ 96 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ سنووری پارێزگای هەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیشەوە دابینکراوە، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر، بە هەماهەنگی لەگەڵ قەزاو ناحییەکان هەستان بە دانانی میکانیزم و پلانێک بۆ چۆنییەتی دابەشکردنی نەوت، پێش هاتنی وەرزی سەرما دەست بە دابەشکردنی نەوت بکرێت، نەوت لە دەوروبەری هەولێر دابەشکراوە، ئێستا پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە سەنتەری پارێزگای هەولێر دەستیپێکردووە".