نه‌بوونی زستانێكی سارد له یۆنان بووه‌ته هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌می زه‌یتوون

K24 – هەولێر:
زاكارۆلا ڤاسیلاكی، ئافره‌تێكی جووتیاری یۆنانییه و به‌دیار دارزه‌یتوونێكی ته‌مه‌ن 200 ساڵییه‌وه وه‌ستاوه و لێی ورد بووه‌ته‌وه و پێی سه‌رسامه، كه سه‌ره‌ڕای ته‌مه‌نه زۆره‌كه‌ی و به‌ركه‌وتنی به برووسكه چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر، به‌ڵام تا ئێستا زه‌یتوون ده‌گرێت.
ئه‌م دارزه‌یتوونه ته‌مه‌ن 200 ساڵییه و ملیۆنان دارزه‌یتوونی دیكه‌ی یۆنانی به‌تایبه‌تی له دوورگه‌ی خالكیزیكی له باكووری رۆژهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته، به‌هۆی گۆڕانی كه‌شوهه‌واوه به‌تایبه‌تی به‌هۆی ئه‌وه‌ی زستانی ئه‌و وڵاته وه‌ك پێویست نه‌بوو، وایكردووه به‌ربوومی زه‌یتوون له‌و وڵاته كه‌م بكات.
زاكارۆلا ڤاسیلاكی ته‌مه‌ن 48 ساڵی كه پسپۆڕی بواری كشتوكاڵی ئه‌ندامییه له گوندی بۆلیگۆرس له دوورگه‌ی خالكیزیكی تێبینی كردووه كه‌شوهه‌وا گۆڕانێكی گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا هاتووه، بۆیه داره‌كان ناتوانن به‌رگه‌ی ئه‌و گۆڕانه قورس و گه‌وره‌یه بگرن! ده‌شڵێت، جێی داخه كه وه‌رزی زستانیان نه‌ماوه و ئه‌و وه‌رزه له‌لای ئه‌وان بووه‌ته رابردوو.
پله‌ی گه‌رما تاوه‌كوو ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه له دوورگه‌ی خالكیزیكی له باكووری رۆژهه‌ڵاتی یۆنان له سه‌رووی 15 پله‌ی سه‌دی بوو، كه پێویست ده‌كات له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌وپه‌ڕی 10 پله بێت. ڤاسیلاكی روونیكردووه‌ته‌وه، ماوه‌ی پێنج ساڵه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ئه‌و حاڵه‌ته له پله‌ی گه‌رمی دووباره ده‌بێته‌وه، كه ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر به‌رهه‌می زه‌یتوون له یۆنان هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌ك ملیۆنان دارزه‌یتوون به‌و هۆیه‌وه زیانیان به‌ركه‌وتووه، ته‌نانه‌ت ده‌گوترێت جووتیاری به‌رهه‌مهێن هه‌یه، ته‌نانه‌ن ده‌نكه زهیتوونێكیشی به دارهكانییهوه نه‌بینیوه.
ڤاسیلاكی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، دارزهیتوو پێویستی به كهشێی سارد هه‌یه له ماوه‌ی مانگێك بۆ دوو مانگ بۆ ئه‌وه‌ی پشوو وه‌ربگرێت و دواتر به‌رهه‌مه‌كه‌ی بداته‌وه.