هێرشی مووشەکی کرایە سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد

K24 - هەولێر
سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس، رایگەیاند، هێرشی مووشەکی کراوەتە سەر دەوروبەری بنکەی ئاسمانی سەربازی "عەین ئەسەد" لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس بە میدیاکانی عێراقی رایگەیاند، دەوروبەری بنکەی سەربازی "عەین ئەسەد" کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا تێیدا جێگیرکراون، لە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممەدا، بە دوو مووشەک کراوەتە ئامانج.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە هیچ بریندار و زیانێکی ماددی لە ریزەکانی ئەو هێزانەی کە لە بنکەکەدا بوون نەبووە.
گرووپە چەکدارە شیعەکان دوای رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر لەکەرتی غەززە ،هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا چڕکردووەتەوە.
900 سەربازی ئەمەریکی لە سووریا جێگیرکراون و 2500 سەربازیش لە عێراقدا جێگیرکراون، کە ئەمەریکا دەڵێت: جێگیرکردنی ئەو سەربازانە بە ئامانجی راوێژکردنە بە هێزە ناوخۆییەکان و هاوکاریکردنیانە بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش.
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، لەناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمەوە زیاتر لە 90 هێرش کراوەتە سەر هێزەکانیان لە عێراق و سووریا، کە بەهۆیەوە بەلایەنی کەمەوە 66 سەرباز برینداربوون و زیانێکی کەمیش بە بنکەکانیان گەیشتووە، بەڵام هێرشەکان شکستیان هێناوە و سەرکەوتوو نەبوون. بەرپرسانی ئەمەریکا جەخت لەوە دەکەنەوە رووبەڕووی هەر هێرشێک دەبنەوە بکرێتە سەر هێزەکانیان.