رەنگە بەرازیل لە بەشداریكردن لە مۆندیال سڕ بكرێت

فیفا هەڕەشەی ئەوەی کردووە، ئەگەر دەستێوەردانەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل بەردەوام بێت لەسەر هەڵبژاردنەكان بۆ دیاریكردنی سەرۆكی نوێی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل ئەوا سامبای خاوەنی 5 نازناوی مۆندیال لە بەشداریكردن لە پاڵەوانێتییەكان سڕ دەكرێت.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، فیفا نامەیەکی بۆ کارگێڕێکی تۆپی پێی بەڕازیلی ناردووە و تێیدا هاتووە، ئەگەر وەڵامی هۆشدارییەكەی فیفا نەداتەوە و دەستێوەردانەكان رانەگرن ڕەنگە بەرازیل ڕووبەڕووی سڕکردن ببێتەوە، هاوكات فیفا داوای كردووە بە زووترین كات هەڵبژاردنێكی خێرا بكرێت بۆ شوێنگرتنەوەی ئیدیناڵدۆ ڕۆدریگێز سەرۆكی پێشووی فیدراسۆنی تۆپی پێی بەرازیل.
دادگای ڕیۆ دی جانیرۆ لە 7ـی کانوونی دووەمی رابردوو ڕۆدریگێز و هەموو ئەو کەسانەی لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەڕازیل كاریان دەكرد لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە ئەمەش بەهۆی گومان و ناڕێکی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوو روویدا. هاوكات دوو دادگای باڵای بەرازیل هەفتەی ڕابردوو گومانەكانیان لەسەر هەڵبژاردنەكان پشتڕاستكردەوە.
فیفا بەیاننامەیەكی هەڕەشەئامێری بۆ بەرازیل ناردووە و نووسیویەتی: هیچ كاتێك رێگەمان نەداوە حكوومەت و هەر لایەنێكی دیكە دەستێوەردان لە هەڵبژاردنی فیدراسیۆنەكانی تۆپی پێ بكات، بۆیە ئەو دەستانە بكشێنەوە و هەڵبژاردنەكەتان لە مانگی داهاتوو بكەن ئەگەر بەرازیل لە بەشداریكردن لە پاڵەوانێتییە گەورەكان بێبەش دەكرێت.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور لەژێر كاریگەری هۆشدارییەكەی فیفا بڕیاریداوە لە رۆژی 8ـی مانگی داهاتوو لێژنەیەك پێكبهێنێت بۆ ئەوەی سەرپەرشتی هەڵبژاردنێكی پاك بكەن بۆ دیاریكردنی سەرۆكی نوێی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل.
