کەسوکاری هاووڵاتییەکی کوردی کەرکووک سکاڵا لەسەر پزیشکانی نەخۆشخانەیەک تۆماردەکەن

K24 - هەولێر
هاووڵاتییەکی کوردی کەرکووک دوای ئەوەی دەستی دەبڕێت، دەچێتە نەخۆشخانەیەکی تایبەت؛ "بەبێ پرسکردن" بە کەسوکارەکەی، بە سڕکردنی گشتی نەشتەرگەریی بۆ دەکرێت و دوای دوو کاتژمێر گیان لەدەستدەدات.
سەڵاح جەبار تەمەن 63 ساڵ؛ هاووڵاتییەکی کوردی دانیشتووی گەڕەکی شۆراوی کەرکووکە، شەوی ڕابردوو (یەکشەممە، 31-12-2023) لەکاتی پەرچکردنی داری باخچەکەی، دەستی خۆی بڕی و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، چووە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی شارەکە، بەڵام دوای دوو کاتژمێر گیانی لەدەستدا.
بەگوتەی کەسوکاری ئەو هاووڵاتییە کوردە کە ئەمڕۆ دووشەممە، 01-01-2024، قسەیان بۆ کوردستان24 کردووە؛ هۆکاری مردنی سەڵاح جەبار کەمتەرخەمی پزیشک و ستافی نەخۆشخانەکە بووە.
ئەوان دەڵێن، سەڵاح بۆ وەرگرتنی چارەسەری، پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی بچووک هەبوو و داوایانکردووە بە سڕکردنی گشتی (بەنج عام) بۆی نەکرێت، بەڵام پزیشکەکانی نەخۆشخانەکە بەبێ پرسی ئەوان بە سڕکردنی گشتی نەشتەرگەرییەکەیان بۆ کردووە و، دوای دوو کاتژمێر لە نەشتەرگەرییەکە گیانی لەدەستداوە.
کەسوکاری ئەو هاووڵاتییە کوردە بە کوردستان24ـیان راگەیاند، دوای ڕووداوەکە سکاڵای یاسایییان لەسەر پزیشک و نەخۆشخانەکە تۆمارکردووە؛ بەڵام تاوەکو ئێستا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی کەرکووک و نەخۆشخانەکەش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.