لە کابینەی نۆیەمدا 144 هەزار و 930 کرێکار دەستەبەرکراون

K24 – هەولێر:
پڕۆسەی دەسبەرەی کۆمەڵایەتی کرێکاران لە کابینەی نۆیەمدا گەشەی پێدراوە و تاوەکو ئێستاش 144 هەزار و 930 کرێکار دەستەبەرکراون.
مەریوان عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند، پێویستە هەر خاوەن پرۆژەیەك کرێکارەکانی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بنێرێت تاوەکو دەستەبەر بکرێن
ئاماژەی بەوەشدا، لەو پرۆسەی دەستەبەرەدا، 5%ـی مووچەی کرێکار و 12%ـی داهاتی خاوەن پرۆژە دەخرێتە سەر سندوقی خانەنەشینی و دوای ئەوەی کرێکار گەیشتە خانەنشینبوون، خانەنشینییەکەی پێدەدرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، باسی لەوەشکرد، جگە لە پرسی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، نابێت هیچ کرێکارێک مووچەکەی لە 350 هەزار کەمتر بێت.
مەریوان عەزیز، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، هەندێک خاوەنکار دەیانەوێت کرێکاران دەستەبەر نەکرێن، هانیان نادەن و زانیارییان لێ دەشارنەوە، لەبەر ئەوەی نایانەوێت داهاتیان کەم بێتەوە، ئەمەش سزای لەسەرە، بەپێی ماددەی 96، شاردنەوەی زانیاری سزای لەسەرە و تۆمەتبار لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی گوتیشی: حکومەتی هەرێمی کوردستان گەرمەهێڵی پەیوەندیی ژمارە 5500ـی بۆ کرێکاران داناوە، تا گەر کێشەیەکیان لە کاردا بۆ دروست بوو، پەیوەندی بکەن و لێپرسینەوە بکرێت و دۆسیەکەیان رەوانەی دادگاکانی کار بکرێت.
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەم بۆ پشتیوانیکردنی کرێکاران و کەرتی تایبەت، پرۆسەی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران گەشەی پێ دراوە و تاوەکو ئێستاش 144 هەزار و 930 کرێکار دەستەبەرکراون.
بە دوو یاسا پارێزگاری لە مافی کرێکاران دەکرێت، یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ژمارە 39ـی 1971 و یاسای کاری ژمارە 71ـی ساڵی 1987.
بەپێی یاسا بەرکارەکان، تەمەنی خانەنشینیی پیاوان، 20 ساڵ خزمەت و 60 ساڵ تەمەنە، بۆ ئافرەتانیش 15 ساڵ خزمەت و 55 ساڵ تەمەن دیاری کراوە، بەوەش تاوەکو ئێستا 880 کەس خانەنشینی وەردەگرن.