نوێترین زانیاری لەبارەی گفتوگۆکانی شاندی حکومەتی هەرێم لە بەغدا

هەردوو لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی
هەردوو لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی

K24 – بەغدا:

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە چڕی دەستی بە گفتوگۆکان کردووە بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچەی مووچەخۆران و پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان و لە بەرامبەردا، بەغدا داواکارییەکی نوێی لە هەرێم هەیە و کوردستان24ـیش ناوەڕۆکی داواکارییەکانی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو.

رۆژی یەکشەممە (7ـی کانوونی دووەمی 2024) شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ لیژنەی باڵای بەدواداچوون و چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەستپێکرد کە پێکهاتووە لە چەند راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق، چەند ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، نوێنەری وەزارەتی دارایی، وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ".

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردووە مووچە و بودجەی تەواوی ساڵی 2023 رەوانە بکەن کە بۆ هەر مانگێک 913 ملیار دینارە، هەروەها بە زووترین کات یاسای بودجە بۆ ساڵی 2024 هەمواربکرێتەوە تاوەکو مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجی راستەقینە جیابکرێتەوە و بخرێتە سەر خەرجی حاکیمە.

هاوکات شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایکردووە تا هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، مانگانە بڕی 750 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت چونکە کورتهێنان هەیە بۆ دابینکردنی مووچە لە داهاتی ناوخۆ کە مانگانە نزیکەی 320 ملیار دینارە و لەو بڕەش تەنیا 120 ملیار دیناری بەشێوەی کاشە.

لە بەرامبەریشدا تیمی حکومەتی عێراقی داوایان کردووە کە بە داتا داهاتی نەوتی و نانەوتییەکان رادەستی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بکرێت و هەروەها هەرێمی کوردستان قەرزەکانی ساڵانی رابردوو بگەڕێنێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی راسپێدراوە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێرداوەکان.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە پێی یاسای بودجە دەبێت ساڵانە قەرزەکان بدرێتەوە نەک هەموو ساڵەکان بەیەکەوە، هەروەها داهاتەکانی هەرێمی کوردستانیش بەپێی یاسا لە کۆی گشتی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە، رێژەی داهاتەکە دەبڕدرێت و تەواوکاری بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان وەک لە یاسای بودجەدا جێگیرکراوە، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.

رۆژی شەممە (6ـی کانوونی دووەمی 2024) شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامێتی کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و خالید هادی چاوشلی و محەمەد شاکر راوێژکار لە ئەنجوومەنی وەزیران و ژمارەیەک راوێژکارو بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، گەیشتنە بەغدا.

یاسای بودجەی فیدراڵی کە لە حوزەیرانی 2023 بۆ سێ ساڵ پەسەندکرا، بڕەکەی 198 ترلیۆن دیناری ساڵانەیە و كورتهێنانی ساڵانەش دەگاتە 64.35  ترلیۆن دینار. پشكی هه‌رێمی كوردستان لەو یاسایە بە رێژەی%12.67  جێگیرکراوە. لەبارەی هەناردەکردنی نەوتیش بودجە بڕی 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی داناوە بە نرخی 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

 

رۆژی (29ـی کانوونی یەکەمی 2023) وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەکەدا رایگەیاند: "پشکی خەمڵێندراوی هەرێمی کوردستان لە یاسای بوجەی ساڵی 2023 عێراق نزیکەی 16 ترلیۆن و 498 ملیار دینار بووە، بەڵام بە پێوەری ئینفاقی فیعلی پشکی هەرێم لە کۆی ساڵەکە کە حکومەتی عێراق بۆ حکومەتی هەرێمی تەرخان کردووە نزیکەی ( شەش ترلیۆن و 300 ) ملیار دینارە، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم بەس بۆ مووچە لە ساڵێکدا پێویستی بە نزیکەی (11) ترلیۆن دینارە بەو پێیەش کورتهێنان بۆ مووچە لە ساڵێکدا نزیکەی پێنج ترلیۆن دینارە، کە دەکاتە نزیکەی مووچەی شەش مانگی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم".

لە خاڵێکی دیکەی روونکردنەوەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە: "یەکێکە لە کێشە گەورەکانی یاسای بودجەی 2023ـی عێراق، بوونی بڕگەی ئینفاقی فیعلی (خەرجی کرداری) بوو کە بەپێی ئەو بڕگەیە پشکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023 مانگانە لە دەوروبەری 500 ملیار دینار تێپەڕناکات، لە کاتێکدا مووچەی  فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مانگانە 913 ملیار دینارە بەپێی ئەو داتا و ئامارانەی لە راپۆرتەکانی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە پەسەند کراون، ئەوە جگە لە هاوکاری هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە کە مانگانە بڕەکەی نزیکەی (25) ملیار دینارە".

Fly Erbil Advertisment