وەزیری گواستنەوە: دەتوانین لە رێگەی سۆرانەوە کوردستان بەرەوپێش ببەین

کۆنفرانسی رۆژنامەوانی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وەزیری گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت، "دوو دەروازە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەن و دەتوانین لە رێگەی ئەم شارەوە هەرێمی کوردستان بەرەوپێش ببەین".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11-01-2024، بە ئامادەبوونی هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ باڵەخانەی نوێی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گواستنەوە لە سۆران کرایەوە.

هەڵگورد شێخ نەجیب لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئامانج لە بوونی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە ئەوەیە کە ئیش و کارەکانی هەموو هاووڵاتییان لە لایەنی پەیوەندیدار لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکەدا بەڕێوەببرێن".

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گواستنەوەی سۆران هەلی کاری بۆ زیاتر لە شەش هەزار کەس رەخساندووە و لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و لایەنە پەیوەندیدارەکان کاردەکەن بۆ راییکردنی کاروباری هاووڵاتییانی ناوچەکە.

ئانۆ جەوهەر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، "پێشتر وەکو بارێکی گران سەیری سۆران دەکرا، بەڵام ئێمە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دوای ئەوەی کرایە ئیدارەیەکی سەربەخۆ، وەکو دەرفەتێک سەیری سۆران دەکەین بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە هەموو هەرێمی کوردستان بەرەو پێش ببەین".

وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ئەوەشی خستەڕوو، "سۆران دوو دەروازەی گرنگی لەگەڵ ئێران و تورکیا هەیە کە ئەمەش زۆر گرنگە بۆ ئێمە و وەکو وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن نووسینگەی خۆمان دەبێت".

 

 

Fly Erbil Advertisment