سوید.. درهختی كریسمس دهكرێته دیاریی ماسییهكان

K24 - هەولێر:
بهپێی نەریتێک کە ساڵانێک لەمەوبەر لە سوید دەستی پێکرد، دەیان درهختی کریسمس کە لە دوای جەژنی سهری ساڵ کۆکرابوونەوە، لە مانگی كانوونی یهكهمدا، فڕێدرانە ناو ئاوە سەهۆڵاوییەکانی ستۆکهۆڵم بۆ ئەوەی ببنه شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ماسی و گیانهوهره ئاویییه کێوییهكانی دیكه.
لایەنە پەیوەندیدارەکانی ژینگە ئەم دەستپێشخەرییەیان پەسەند كردووه، کە لەلایەن کۆمەڵەی نیشتمانی ماسیگرەکانەوە پشتگیری دەکرێت و بەشدارە لە گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بۆ ئەو سیستهمه ژینگهییهی کە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە لە مەترسیدایە.
تەنها چەند رۆژێک لەمەوبەر ئەم درەختانە لەناو ماڵی خێزانە سویدییەکان وەستابوون، کە بە تۆپی ڕەنگاوڕەنگ و شریت و گڵۆپی گەشاوە بۆ ئاهەنگی جەژنی کریسمس رازێندرابوونەوە. هەر کە ماوەی جەژنی كریسمس تەواو بوو، بەردیان پێوه بەسترا و لە بەلەمێکەوە فڕێدرانە ناو ئاوی دەریاچەیەک لە ناوچەیەکی پیشەسازی لە ستۆكهۆڵمی پایتەخت.
مالین کیلین، بەڕێوەبەری پڕۆژەی کۆمەڵەی ماسیگرانی سویدی لهوبارهیهوه راگەیاندووە "لە دەوروبەرمان بیناسازییەکی زۆر هەیە، بەلەمێکی زۆریش بەلایدا تێدەپەڕن". ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو رووەکانەی کە لهناو دهریا و ئاوهكاندا پێویستن بۆ زاوزێی ماسی، چی دیكه بوونیان نییە و ئەمەش رێگەیەکە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەوە رووهكه لەدەستچووانه.
کۆمەڵەکە لە ساڵی 2016ـهوە ئهو كاره دهكات. ژمارەی ئەو درهختانهی کە تا ئێستا لە ناوچە جیاوازەکانی ئەو دوورگانە فڕێدراونەتە خوارەوە، ههزار دهرخت دهبێت.
مالین کیلین روونیشیکردووهتهوه، کە هەر درهختێك ژمارەیەکی زۆر لق و دڕکی تێدایە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە شوێنێکی نموونهییه بۆ ماسییەکان بۆ دانانی هێلکەکانیان و شاردنەوەی بەچکەکانیان.