دادوەر ستیڤن شوێبڵ: کوردستان مافی دەستووریی خۆیەتی یاسای نەوت و گازی هەبێت

ستیڤن شوێبڵ
ستیڤن شوێبڵ

K24-هەولێر:

یاساناس و ڕاوێژکار و دادوەرێکی نێودەوڵەتیی ئاماژە بەوە دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی دەستووریی خۆیەتی یاسا و ڕێسا بۆ کەرتی نەوت و گاز دابنێت.

بەپێی راگەیاندراوێکی وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دادوەر ستیڤن شوێبڵ، لە شیکارێکی یاساییی گرنگدا، پشتگیریی مافە دەستوورییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات سەبارەت بە بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و گاز ، وەک راگەیاندراوەکە تیشکی خستۆتە سەر، ئەم بۆچوونەی دادوەر شوێبڵ پشتیبەستووە بە تێگەیشتنێکی ورد لە یاسای نێودەوڵەتی و دەستووری عێراق، جەخت لەسەر مافی ڕەوا و دەسەڵاتی یاسایی و دەستووریی حکومەتی هەرێم دەکاتەوە بۆ بەڕێوبردنی سەرچاوە نەوتیی و گازییەکانی.

شوێبڵ دەستووری ساڵی 2005ی عێراقی  شیکردۆتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکانیان هەیە لەڕێی لێلکدانەوەی ماددەکانی 110 و 114 و 115 و 121 ی دەستوور کە بە کۆی گشتی، دەسەڵاتی نەوت و گاز نادات به حکوومەتی فیدراڵی، بەڵکو ئەم ماددانە ڕێگە بە هەرێمەکان دەدەن کۆنترۆڵی چۆنیەتیی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە ناوچەکانی خۆیان بکەن.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژە بەوە دەکات، دادوەر شوێبێل بڕیارەکەی ساڵی 2022 ی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقی سەبارەت بە یاسای نەوت و گازی حکومەتی هەرێمی بە نادەستووری لە قەڵەم دەدات و پێی وایە، حکومەتی هەرێمی کورستان مافی دەستووریی خۆیەتی یاسا و ڕێسا بۆ کەرتی نەوت و گاز دابنێت.

ستیڤن ئێم شوێبڵ یاساناسێکی ئەمریکی و ڕاوێژکار و دادوەرێکی نێودەوڵەتییە، پلە و پۆستی گرنگ و جۆراوجۆری هەبووە.

Fly Erbil Advertisment