بەربژێرێکی سەرۆکی پەرلەمان: بەهۆی نەهێنانی دەنگی پێویست دانیشتنی پەرلەمان دواخرا

K24 – هەولێر
بەربژێرێکی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: بەهۆی ئەوەی کەس نەیتوانی لە قۆناغی یەکەم دەنگی یەکلاکەرەوە بەدەست بهێنێت، دانیشتنی پەرلەمان دواخرا.
عامر عەبدولجەبار، بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، کەمێک پێش ئێستا قۆناغی یەکەمی دانیشتنی پەرلەمان بەرێوەچوو، بەڵام کەس نەیتوانی دەنگی یەکلاکەرەوە بەدەست بهێنێت، هەر لەبەر ئەوە داواکرا دانیشتنەکە دوابخرێت.
گوتیشی: لە جاری داهاتوو موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان هەوڵدەدات، بابەتێکی دیکە بخاتە دەنگدانەوە، کە دەیەوێت سیستەمی ناوخۆیی بگۆڕێت، ئەمە بابەتێکە پەیوەستە بە لایەنی سەدر و هەندێک لایەنی دیکەوە، بەتایبەت ئەوکاتەی کە حاکم زاملی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بوو، کە گرووپی سەدر بایکۆتیان کرد و لەپرۆسەی سیاسی کشانەوە، هەندێک گۆڕانکاری لە سیستەمی ناوخۆیی پەرلەمان روویدا، بۆیە مەندەلاوی دەیەوێت ئەو بڕگەیە بێنێتەوە ناو پەیرەوی ناوخۆیی پەرلەمان.
بەربژێرەکە باسی لەوەشکرد، ئێمە لایەنێکی ئۆپۆزیسیۆنین، بڕوامان بە پشک پشکێنە نییە، بەتایبەت پشک پشکێنەی مەزهەبی و لایەنگری، واتە بڕوامان بەوە نییە بڵین سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننە بێت و سەرکوەزیران بۆ شیعە بێت، ئێمە دژی ئەوەین، لەرابردووشدا دەنگمان بەهەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمانیش نەداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک لایەن دەیانەوێت لەکاتێکی نزیکدا سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێرن، هەروەها هەندێک رێککەوتن لەدەرەوەی پەرلەمان و هەندێکیش لەناوەوەی پەرلەمان هەیە، کە ئەمە دەبێتە هۆی گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن، بۆیە من بڕوام بەرێککەوتنی سیاسی نییە، داواش لە هەموو لایەن سیاسییە گەورەکان دەکەین بەزووترین کات دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام بدەن بۆ یەکلایی کردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان.
عامر عەبدولجەبار، بەربژێری پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق توانیوویەتی لەگەڕی یەکەم شەش دەنگ بەدەست بهێنێت.