کوردستان24 زانیاری لەبارەی دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگە بڵاودەکاتەوە

دابەشکردنی مووچە
دابەشکردنی مووچە

K24 – هەولێر:

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە چەند رۆژی داهاتوودا حکومەتی فیدراڵی دەست بە رێکارەکانی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات و گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، لەگەڵ گەیشتنی پارە لە بەغداوە، دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.

رۆژی هەینی (19ـی کانوونی دووەمی 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە چەند رۆژی ئاییندەدا رێکارەکانی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە دەستپێدەکات.

پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوەشکرد: لەگەڵ گەیشتنی پارەکە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت و ئەو پارەیەی لە بەغداشەوە دێت مووچەی مانگی یەکەمی ئەمساڵە.

رۆژی (14ـی کانوونی دووەمی 2024) باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنفراسنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و کارکردن بە یاسای بودجە بۆ ساڵی 2024 و  بە گوێرەی خەرجی راستەقینە بۆ مانگی کانوونی دووەم، هەرێمی کوردستان بە بڕی 618 ملیار و 578 ملیۆن و 29 هەزار دینار پارەدار دەکرێت.

دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق داوایان کرد، بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2024، لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەموار بکرێتەوە، ئەمەش بە جیاکردنەوەی خەرجی راستەقینە لە مووچەی فەرمانبەران، هاوکات مووچەی فەرمانبەران بخرێتە سەر بودجەی (حاکیمە).

رۆژی (14ی کانوونی دووەمی 2024)، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە و چەند بڕیارێکی دەرکرد، لەنێو ئەو بڕیارانەش پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا و بڕیاری لەسەر درا کە، بەپێی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024، هاوکات بەپێی خەرجی راستەقینە، 618 ملیار دینار  578 ملیۆن و 29 هەزار بۆ  مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2024ی بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، هەولێر و بەغدا رێککەوتوون لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، بۆ ئەو مەبەستەش دوو لیژنە بۆ داڕشتنەوەی رەشنووسی هەمواری یاساکە راسپێردراون، لیژنەکەی حکومەتی هەرێم داوای کردووە تەنها مووچەی فەرمانبەران لە خەرجی راستەقینە جیابکرێتەوە و بخرێتە سەر خەرجی حاکیمە، بەڵام لیژنەکەی حکومەتی عێراقی دەیەوێت هەموو ئەو ماددانەی لە یاسای بودجە پەیوەستن بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جارێکی دیکە هەمواریان بکاتەوە.

Fly Erbil Advertisment