ژووری بازرگانی دهۆک: هەوڵدەدەین جێگرەوە بۆ کاڵای ئێرانی بدۆزینەوە

K24 - هەولێر
ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆک بەووردی لێکۆڵینەوە لەسەر بازاڕی جێگرەوە بۆ بازرگانانمان دەکەین تاوەکو بە بەرهەمە خۆماڵییەکان و بەرهەمی وڵاتانی دیکە پێداویستییەکانی خەڵکی پارێزگای دهۆک پڕبکەینەوە.
ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆک لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر بەرهەمی کاڵای ئێرانی لە بازاڕەکانی دهۆکدا هەن، ئێمە لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆک بەووردی لێکۆڵینەوە لەسەر بازاڕی جێگرەوە بۆ بازرگانانمان دەکەین، تاوەکو بە بەرهەمە خۆماڵییەکان و بەرهەمی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە پێداویستییەکانی خەڵکی پارێزگای دهۆک و کوردستان پڕبکرێنەوە.
ژووری بازرگانی دهۆک راشیگەیاند، یەکێک لە پلان و کارەکانی ئێمە ئەوەیە، بەرهەمە خۆماڵییەکان بەگوێرەی ستانداردی جیهانی ببەینە ئاستی بەرهەمی وڵاتان، تاوەکو لەساڵانی داهاتوودا پشت بە بەرهەمە ناوخۆییەکان ببەستین لە جیاتی بەرهەمەکانی دەرەوە.
ئەمڕۆ شەممە،20ـی کانوونی دووەمی2024، کاروان سورچی، گوتەبێژی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێمە بەیاننامەیەکمان دەرکرد، کە داوامان لە بازرگانان کردووە، کاڵای ئێرانی بایکۆت بکەن، مەبەستمان لەوەش ئەوەبوو کە هەفتەی رابردوو هێرشی مووشەکی سووپای پاسدارانی ئێران کرایە سەر ماڵی بازرگانێکی دیاری شاری هەولێر، "پێشڕەو دزەیی"، کە ئەندامێکی چالاکی ژووی بازرگانی هەولێر بووە.
ئەو گوتەبێژە دەڵێت: "هەرێمی کوردستان پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە، ئەوەش هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی بازرگانەکانمان بکرێنە ئامانج، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت شاری هەولێر لەو پێشکەوتنانە بووەستێت، هۆکارێکی دیکەش بەردەوام بازرگانانی هەرێمی کوردستان، هاوکار و هەماهەنگی حکومەت بوون لە کەرتی بازرگانی کە تەواوکەری کەرتی گشتییە، هاوکاری حوکمەتی هەرێمی کوردستانیش بوون، بەتایبەتی لەکاتی قەیرانەکاندا".
کاروان سوورچی گوتیشی: "ئێمە داوامان کردووە کە بازرگانان کاڵاکان هەڵپەسێرن، هەوڵبدەن وەکو کارتێک لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران بەکاری بهێنن بۆ ئەوەی ئێران بەخۆیدا بچێتەوە و ئەو دەستدرێژییانەی بۆسەر هەرێمی کوردستان راگرێت، کارێکی لەم شێوەیە دووبارە نەکاتەوە، هەروەها کۆماری ئیسلامی ئێران هاوسنوورە لەگەڵ هەرێمی کورستان، لەماوەی چەند ساڵی رابردوو هاووکار و هەماهەنگێکی گرنگ بووین بۆیان".
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، بازرگانانی ئێمە بەشێکی زۆر لە کاڵاکانی ئێران دەهێنن، بەڵام ئیتر جێگرەوەی ئێران هەیە، ئەوە تورکیایە، بەشێکی زۆری کاڵاکانی جیهانیش لە رێگەی تورکیاوە بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنرێت، خەڵکی هەرێمی کوردستانیش خواستی لەسەر کاڵای تورکی زۆرترە وەک لە کاڵای ئێرانی، بازرگانان دەتوانن سوود لە تورکیا وەربگرن بۆ کاڵاکانیان، بەشێکی زۆری کاڵاش لە کەنداو بۆ هەرێمی کوردستان دێت، وەک؛ سعودییە، ئوردن، ئیمارات و قەتەر، داوامان لە بازرگانان کردووە کە ئەم کارە بکەن، بۆ ئەوەی کارتێک لەسەر ئێران دروست بێت، حاڵەتێکی دیکەی لەم شێوەیە دووبارە نەکرێتەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.