پێشبینی دەکرێت هەڵدانەوەی چاڵی خەسفە پێنج ساڵ بخایەنێت

گۆڕی بە کۆمەڵی "خەسفە" لە پارێزگای نەینەوا
گۆڕی بە کۆمەڵی "خەسفە" لە پارێزگای نەینەوا

K24 - هەولێر

بەرپرسێکی دەزگای شەهیدانی عێراق پێشبینی دەکات پڕۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕی بە کۆمەڵی "خەسفە"ـی پارێزگای نەینەوا لانیکەم پێنج ساڵ بخایەنێت. دەشڵێت، ناتوانرێت ژمارەی ئەو تەرمانەی لەنێو ئەو گۆڕە بە کۆمەڵەدا هەن دیاریبکرێت.

زیا کەریم، بەڕێوبەری گشتیی بەشی کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە دەزگای شەهیدانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، چاوەڕێدەکرێت هەڵدانەوەی چاڵی "خەسفە" لە سنووری پارێزگای نەینەوا "لانیکەم پێنج ساڵ بخایەنێت".

زیا کەریم ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ تیمێکی جیهانی تا ئێستا کاریان لەسەر جۆرێکی هاوشێوەی ئەم گۆڕە بەکۆمەڵە نەکردووە، بۆیە هەڵدانەوەی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان کارێکی ئاسان نابێت. گوتیشی، گۆڕە بە کۆمەڵەکە چاڵێکی زۆر گەورەیە و بەڵگەنامە و وێنە و نەخشەی ئاسمانی هەیە کاتی ناشتنی تەرمەکان رووندەکاتەوە.

بە گوتەی بەڕێوبەری گشتیی بەشی کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکان؛ داوا لە دەزگای شەهیدان، وەزارەتی بەرگریی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە کراوە لیستی پێداویستییە دارایی و لۆجستیەکان پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەران بکەن بۆ ئەوەی کار بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکە بکرێت، بەڵام وەکو خۆی گوتی، تا ئێستا وەڵامی داواکارییەکەیان نەدراوەتەوە.

زیا کەریم ئاماژەی بەوەش کرد، ناتوانرێت ژمارەی ئەو تەرمانەی لەنێو ئەو گۆڕە بە کۆمەڵەدا هەن دیاریبکرێت.  لەتەنیشت چاڵەکەوە ئاو تێپەڕدەبێت، ئەوەش دەرهێنانەوەی تەرمی قوربانییەکانی قورس کردووە. رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، ئەگەر هەوڵیش بدرێت تەرمەکان دەربهێنرێن دەبێت بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بێت"، داواشی لەبەرپرسانی ناوچەکە کردووە، ئەو شوێنە بکەنە مۆنۆمێنتێک بۆ قوربانییەکان.

خەفسە، چاڵێکی جیۆلۆجی قووڵە و دەکەوێتە نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە باشووری مووسڵ، یەکێکە لەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی کە داعش بەکاری هێنا بۆ شاردنەوەی تەرمی قوربانییەکانی تێیدا لە کاتی کۆنترۆڵکردنی موسڵ لە نێوان حوزەیرانی 2014 و تەمموزی 2017.

 لەلایەکی دیکەوە، حەسەن ئەلعەلاف، جێگری پارێزگاری نەینەوا لە ساڵی 2022 ئاماژەی بەوە کردبوو،  پێشبینی دەکرێت نزیکەی چوار هەزار تەرمی هاووڵاتی مەدەنی و سەربازی لەنێو ئەو گۆڕە بە کۆمەڵەدابن و ڕەنگە بە گەورەترین گۆڕی بەکۆمەڵ لە عێراق هەژمار بکرێت.

دوای چەند ساڵێک لە کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ لە ژێر کۆنترۆڵی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش،  هیچ هەوڵێک بۆ هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بە کۆمەڵەکە نەدراوە. حەسەن ئەلعەلاف، جێگری پارێزگاری نەینەوا هۆکاری  ئەمەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە حکومەتی خۆجێی نەیتوانیوە پێدوایستییە دارایی و تەکنیکنییەکان بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکە دابین بکات.

Fly Erbil Advertisment