بەهۆی تەقینەوەی مینێک منداڵێک گیانی لەدەستدا

وێنەی "رەهێل رێدین عەزیز" کە بەهۆی تەقینەوەی مین گیانی لەدەستدا
وێنەی "رەهێل رێدین عەزیز" کە بەهۆی تەقینەوەی مین گیانی لەدەستدا

K24 – هەولێر

لە گوندێکی سەربەناحییەی قۆرەتو لە گەرمیان، مینێک بە منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵاندا تەقیەوە و گیانی لەدەستدا.

لە راگەیاندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین-گەرمیاندا هاتووە، ئەمڕۆ سێشەمە، 23ـی کانوونی دووەمی 2024، لەگوندی عەلی میر سەربەناحییەی قۆرەتوەوە تەرمی منداڵێکی حەوت ساڵان بەناوی "رەهێڵ رێدین عەزیز"، هێنرایە پزیشکی دادوەری قەزای کەلار.

ئاماژە بەوەشکراوە، منداڵەکە لەگەڵ باوکی دا بووە کە پیشەی باوکی شوانی مەڕ و ماڵات بووە، لە کاتی لەوەڕاندی ئاژەڵەکانیدا منداڵەکە دەستکاری مینی کردووە و پێیدا تەقیوەتەوە و بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی.

لەراگەیەندراوەکەدا ئەوەشهاتووە، تەقینەوەی مینەکە زیانی ماددیشی هەبووە کە مەزەندە دەکرێت زیانی بە 20 سەر ئاژەڵ گەیاندبێت.

لەئێستادا توێکاری بۆ تەرمی منداڵە دەکرێ و پۆلیس لەسەر رووداوەکە دەستی بەلێکۆڵینەوە کردوە.

لەکۆتایی راگەیەندراوەکدا داوا لە هاونیشتیمانیان دەکات لە کاتی بینینی مین و پارچە تەقەمەنی دەستکاری نەکەن و لێی دووربکەونەوە، بێ بەرامبەر پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (182)ی دەزگای مین.

 

Fly Erbil Advertisment