هەڵبژاردەی عێراق بە سێ سەرکەوتن قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی ئاسیای تێپەڕاند

لە گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی نەتەوەکانی ئاسیای 2023، هەڵبژاردەی عێراق لە یاریگەی جاسم بن حەمەد تایبەت بە یانەی سەدی قەتەری رووبەڕووی هەڵبژاردەی ڤێتنام بووەوە و یارییەکەیشی بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە.
سەرەتا لە خولەک 42 ڤیت هوانگ گۆڵی یەکەمی ڤێتنامی تۆمار کرد، بەڵام لە خولەکی 47 رێبین سۆلاقا ئەستێرەی کورد ئەنجامەکەی یەکسان کردەوە ئەمەش دوای ئەوەی ڤێتنام یاریزانێکی بەکارتی سوور دەرکرا، لە بەردەوامی یارییەکدا لە خولەکی 73 ئەیمەن حوسێن گۆڵی دووەمی کرد و بۆ یەکەمجار لە یارییەکە عێراقی پێشخست.
لە درەنگانێکی یارییەکە ڤێتنام لە رێگەی کوانگ های ئەنجامەکەی یەکسان کردەوە، ناوبژیوان 10 خولەکی وەکو کاتی بەهەدەردراو زیاد کرد، ئەیمەن حوسێن کە لەم یارییە لێدانێکی سزای گۆڵ نەکرد، دووبارە لێدانی سزای جێبەجێ کرد و ئەمجارە گۆڵی کرد و عێراق یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە.
ئەیمەن حوسێن کە لەم یارییە دوو گۆڵی کرد بە باشترین یاریزان دیاریکرا و ژمارەی گۆڵەکانیشی بۆ 5 گۆڵ بەرز کردەوە، پێشەنگی گۆڵکارانی جامی ئاسیای گرتووە.
عێراق سێیەمین سەرکەوتنی لەسەریەکی لە جامی نەتەوەکانی ئاسیای 2023 بەدەستهێنا و بە کۆکردنەوەی 9 خاڵ بە یەکەمی کۆمەڵەکەی گەیشتە قۆناخی 16 و ژاپۆنیش بە 6 خاڵ دووەمین بلیتی کۆمەڵەکەی بەدەستهێنا.


