ھاوڕێ بەختیار: بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی مامەڵەی هاووڵاتییان لە باجدان رایی دەکرێت

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری پشکنین لە باجی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: لە خودی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە سەنتەری شارەکان بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی مامەڵەی باجدانی هاووڵاتییان رایی دەکرێت.
ھاوڕێ بەختیار، بەڕێوەبەری پشکنین لە باجی ھەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، تێبینەرایەتی باجی ئۆتۆمبێل بە زنجیرە پڕۆسەیەک بەدوای یەکدا لە شار و شارۆچکەکان و قەزا و ناحیەکان دەکرێتەوە، بە ئامانجی رایکردنی مامەڵەکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، ئەوانەی کە بە یاسا باج دەیانگرێتەوە، بە کەمترین کات و کەمترین تێچوو مامەڵەی هاووڵاتییان رایی دەکرێت.
بەڕێوەبەری پشکنین لە باجی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، لە خودی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە سەنتەری شارەکان بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی مامەڵەی باجدانی هاووڵاتییان رایی دەکرێت.
ھاوڕێ بەختیار، راشیگەیاند، لە هەنگاوی یەکەم ئەوانەی خاوەنی ئۆتۆمبێلەکانی تابلۆی هەولێرن وەک ئۆتومبێلەکانی بارهەڵگر دەتوانن هەر لە ناو خودی کۆمەڵگەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر سەرجەم مامەڵەکانیان تەواو بکەن بەبێ ئەوەی سەردانی هیچ بەڕێوەبەرایەتییەکی باج بکەن لە شار و شارۆچکەکانی دیکە.
بەڕێوەبەری پشکنین لە باجی ھەرێمی کوردستان، باسی لەوەشکرد، لە ماوەی رابردوو ئەگەر هاووڵاتییەكی خەڵکی سلێمانی یان دهۆک خاوەنی ئۆتۆمبێلێکی تابلۆی هەولێربووایە دەبووایە لە بەڕێوەبەرایەتی باج و دەرامەتی خودی شارەکەی خۆی باجی ئۆتۆمبێلەکەی بدات، ئینجا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی باجی ئۆتۆمبێلی شارەکەی دیکەی کردبا بۆ ئەوەی مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەکەی یاخود ساڵنامەکەی رایی بکات.
بۆ یەکەم جار تێبینەرایەتی باجی ئۆتۆمبێل لەنێو بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی ھەولێر کرایەوە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە سلێمانی و دواتر بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکەش بکرێتەوە و کارەکانیان بە ئەلیکترۆنی بکرێت. لەگەڵ کردنەوەی ئەو تێبینەرایەتییە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارەیەک بڕیاری نوێی باجی لە بەرژەوەندی شوفێر و بارھەڵگرەکان دەرکردووە.
لەگەڵ کردنەوەی ئەم تێبینەرایەتییە ژمارەیەک بڕیار لە بەرژەوەندی شوفێر و ھاووڵاتیان دران، ئەو کەسانەی کە چەند ئۆتۆمبیلیان بە ناو بێت بۆ لەمەودوا باجی تەنھا ئەو ئۆتۆمبیلە دەدەن کە پاکتاوی باجی بۆ دەکرێت، ئەو ئۆتۆمبیلانەش کە مۆدیلیان لە خوار 2003 بێت باجیان لێ وەرناگیرێت، هاوکات لێخۆشبوون بۆ حەوت مۆدیل ئۆتۆمبێل کراوە، پێشتر ئەو کەسانەی زیاتر لە چەند ئۆتۆمبیلیان بە ناو بوو باجی زیاتریان لێ وەردەگیرا ئێستا لێیان وەرناگیرت.