ئالۆنسۆ لە نێوان ریال مەدرید و لیڤەرپوول یەكێكیان هەڵدەبژێرێت

بە گوێرەی سەرچاوەیەكی راگەیاندنی ئیسپانیا، چارەنووسی چابی ئالۆنسۆی راهێنەری ئیسپانیا بە یەكێك لە یانەكانی ریال مەدرید و لیڤەرپوول بەستراوەتەوە، پێشبینی دەكرێت ئالۆنسۆ لە داهاتوو وەكو راهێنەر بۆ یەكێك لەم دوو یانەیە بگەڕێتەوە.
بڕیاری رۆیشتنی یۆرگن كڵۆپ لە كۆتایی ئەم وەرزە لە یانەی لیڤەرپوول میدیایەكانی ئەورووپای هەژاند، هەر زوو ناوی چابی ئالۆنسۆ وەكو یەكەمین بژاردە بۆ شوێنگرەوەی یۆرگن كڵۆپ بووە سەردێڕی بەشێك لە میدیایەكانی بەریتانیا و ئیسپانیا.
پێگەی ئێل كۆنفینشیاڵی ئیسپانیا لە راپۆرتە هەواڵێكدا نووسیویەتی: چابی ئالۆنسۆ نزیكترین كەسە بۆ شوێنگرەوەی یۆرگن كڵۆپ، چونكە ئەو راهێنەرە ئیسپانییەی لیڤەركووزن زۆرباش شارەزای هاندەران و كەشوهەوای یانەی لیڤەرپوولە، بەوپێیەی پێشتر یاریی بۆ ئەو یانەیە كردووە و رەنگە رازی بێت سەركردایەتی پرۆژە درێژخایەنەكەی لیڤەرپوول بكات و شوێنی یۆرگن كڵۆپ بگرێتەوە.
لە لایەكی دیكەیشەوە پێگەی سەنی بەریتانیا هێمای بۆ ئەوە كردووە لەگەڵ جیابوونەوەی كڵۆپ لە لیڤەرپوول، بەرپرسانی یانە ئینگلیزییەكە ڕادارەكانیان بە ئاراستەی چابی ئالۆنسۆ جوڵاندووە و پلانیان هەیە لەگەڵ ئالۆنسۆ بكەونە گفتوگۆ.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانیاش ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە نوێكردنەوەی گرێبەستی كارلۆ ئانچیلۆتی لەگەڵ ریال مەدرید هاتنی ئالۆنسۆی بۆ راهێنەرایەتی یانە شایانەكانی ئیسپانیا دواخست، بەڵام ئالۆنسۆ بۆ داهاتوو بژاردەیەكی یەكەمی ریال مەدریدە بۆ شوێنگرەوەی ئانچیلۆتی.
لە لایەكی دیكەیشەوە، رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانیا لە راپۆرتە هەواڵێكدا رایگەیاندووە ئالۆنسۆ لە لیڤەركووزن زۆر ئاسوودەیە، بەڵام لە داهاتوو ئالۆنسۆ بۆ وێستگەی راهێنەرایەتی لە نێوان لیڤەرپوول و ریال مەدرید یەكێكیان هەڵدەبژێرێت.
چابی ئالۆنسۆ پێشتر وەكو یاریزان یاریی بۆ یانەكانی لیڤەرپوول و ریال مەدرید كردووە، ئێستاش راهێنەری لیڤەركووزنە بەبێ ئەوەی هیچ یارییەك بدۆڕێنێت بە كۆكردنەوەی 28 خاڵ لوتكەی بۆندزلیگای گرتووە و بە جیاوازی 4 خاڵ لە بایرن میونشنی نزیكترین ركابەری دوورە.
.jpg)