کۆریای باشوور: کۆریای باکوور چەند مووشەکێکی کروزی هەڵدا

کۆریای باکوور هەڵدانی مووشەکی کروز
کۆریای باکوور هەڵدانی مووشەکی کروز

K24 - هەولێر

کۆریای باشوور رایگەیاند، کۆریای باکوور چەند مووشەکی کروزی لە کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی هەڵدا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2024، ئاژانسی کۆریای باشوور رایگەیاند، کۆریای باکوور چەند مووشەکێکی کروزی لە کەناراوەکانی رۆژهەڵات هەڵداوە، بەڵام ژمارەی ئەومووشەکانەی کە هەڵیانداوە نەزانراوە.

کۆریای باشوور راشیگەیاندووە، لەگەڵ ئەمەریکا کاردەکەن بۆ شیکردنەوەی دوایین هەڵدانی مووشەکی کۆریای باکوور.

لای خۆیەوە کۆریای باکوور رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی پەرەپێدەدات، بەڵام بەرپرسانی واشنتۆن و سیئۆل دەڵێن: "هیچ ئاماژەیەکیان بەدی نەکردووە کە پیۆنگ یانگ بە نیازی هەنگاوی سەربازیی بێت".

بەرپرسان و شرۆڤەکارانیش دەڵێن، ئەگەری زۆرە حکومەتی پیۆنگ یانگ بەردەوام بێت، دوای بەدەستهێنانی سەرکەوتنی گەورە لە پەرەپێدانی مووشەکی بالیستی و پتەوکردنی هەماهەنگی لەگەڵ رووسیا و وازهێنان لە ئامانجی دەیان ساڵەی یەکگرتنەوەی ئاشتیانە لەگەڵ کۆریای باشوور.

Fly Erbil Advertisment