سیئۆل: کۆریای باکوور بۆ جاری سێیەم مووشەکی کروزی هەڵدا

K24 – هەولێر

سوپای کۆریای باشوور رایگەیاند، دوای تێپەڕبوونی دوو رۆژ بۆ جاری سێیەم کۆریای باکوور مووشەکی کروزی هەڵدا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی کانوونی دووەمی 2024، لە بەیاننامەیەکدا سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای کۆریای باشوور رایگەیاند، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ، کۆریای باکوور چەند مووشەکێکی کروزی بە ئاڕاستەی کەناراوەکانی رۆژئاوا هەڵداوە، ئەمەش تەنها دوای تێپەڕبوونی دوورۆژ لەرێگەی ژێر دەریاییەوە مووشکی کروزی بە ئاراستەی کەنارەکانی رۆژهەڵات هەڵداوە.

سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای کۆریای باشوور راشیگەیاند، لە کەنارەکانی رۆژئاوای وڵاتەکەیەوە هەڵدانی مووشەکی پیۆنگیانگیان دەستنیشانکردووە، بەڵام ئاماژەی بە ژمارەی مووشەکەکان نەکردووە، گوتیشی: "لە نزیکەوە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکا دەکات بۆ چاودێریکردنی "هەر گێچەڵ پێکردنێکی کۆریای باکوور بۆ سەر وڵاتەکەی".

سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای کۆریای باشوور ئەوەشی خستە ڕوو، هەڵدانی مووشەکەکەی ئەمڕۆ، بە سێیەم هەڵدانی مووشەکی کروز دادەنرێت لە ماوەی ئەم هەفتەدا.

رۆژی یەکشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2024، کۆریای باکوور مووشەکێکی کروزی ستراتژیکی تازە پەرەپێدراوی لە ژێردەریایی"Pulhwasal-3-31"  بە ئاڕاستەی کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی هەڵدا.

سەرچاوە/ یۆنهاپ

Fly Erbil Advertisment