بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی: دیپلۆماسییەتی کوردستان لە ئاستێکی باڵادایە

K24 - هەولێر
بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی لە بەلجیکایە و دەڵێت، "لە رووی دیپلۆماسییەوە، هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر باڵادایە". ئاماژە بەوەش دەدات، "گرنگە بەردەوام سەردانی بەلجیکا بکەین، چونکە کاریگەری لەسەر بڕیارە نێودەوڵەتییەکان هەیە".
ئەمڕۆ سێشەممە، 30-01-2024، هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئێمە لە سەردانێکی چەند رۆژەداین بۆ برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بۆ ئەوەی لە نزیکەوە پەرلەمانتاران و نوێنەرانی حزبە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە ببینین".
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانیان، هۆشیار سیوەیلی گوتی، "باسی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە، عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین. برۆکسل پایتەختی دیپلۆماسییەتی ئەوروپایە و بارەگای یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆش لێرەیە، بۆیە بۆ ئێمە گرنگە بەردەوام سەردانی ئەم وڵاتە بکەین و پەیوەندییەکانمان پتەوتر بکەین".
بە گوتەی هۆشیار سیوەیلی، "لە رووی دیپلۆماسییەوە، هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر باڵادایە، بگرە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لە ژمارەیەک وڵاتی سەربەخۆش بەهێزترن و پێویستە بەردەوام پەرەی پێ بدەین و، بەردەوام ئەو لایەنانە ببینین کە کاریگەرییان لەسەر بڕیاری نێودەوڵەتی هەیە".
ئەو بەرپرسەی پارتی بە پێویستی دەزانێت "بەردەوام لە نزیکەوە لەگەڵ دۆست و هاوپەیمانەکانمان دابنیشین و پێیان بڵێین چی لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت. لەم چەند رۆژەدا و لە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانەی ئەنجاممانداون، پەرلەمانتار، پارت و لایەنە سیاسییەکانی بەلجیکا سۆز و پشتگیریی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە".
بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، "لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی بەلجیکا کۆبووینەوە. باسی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی ئێرانمان بۆ سەر هەولێر کرد. ئەو داوای زانیاریی زیاتری لەبارەی هێرشەکە کرد بۆ ئەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە باسی بکات و، فشار لە حکومەتی عێراق بکەن بۆ ئەوەی ئەو جۆرە هێرشانە دووبارە نەبنەوە".