عەلی سەعید: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بازرگانی بە دۆسیەی ئاوارەکان دەکات

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان، رایدەگەیەنێت، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هەمیشە خۆراکی ماوەبەسەرچوو بەسەر کەمپی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکات، هاوکات دەشڵێت: وەزارەتەکە هەمیشە بازرگانی بە دۆسیەی ئاوارەکان دەکات.
عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هەمیشە ئاوارەکانی وەکو کارتێکی سیاسی و بابەتێکی ئابووری سەیر کردووە، هەروەها بازرگانی بە دۆسیەی ئاورەکان لە هەرێمی کوردستان دەکات.
بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان، ئاماژەی بەوەدا، وەزارەتەکە بەردەوام لە کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان کەلوپەل و خۆراکی ماوەبەسەرچووی دابەش کردووە، ئەو خۆراکانەی کە تەنیا ئەمڕۆ لە کەمپەکانی پارێزگایەکی کوردستان دەستی بەسەردا گیراوە نزیکەی 37 تۆن بووە.
عەلی سەعید، دەڵێت: بەردەوام لە رێگەی تیمەکانمان پشکنین بۆ ئەو کەلوپەل و خۆراکانە دەکەین کە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بۆ کەمپی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، زۆرینەی جار ماوەبەسەرچوو بووە و دەستیبەسەرداگیراوە.
بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان، گوتیشی: چەندین جار وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقمان لە بوونی ماوەبەسەرچوونی کەلوپەل و خۆراکەکانیان ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا بێ وەڵام ماونەتەوە.
عەلی سەعید، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق چەند رۆژێک لەمەوبەر نەوتی بەسەر کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دابەش کردووە، کاتێک پشکنینمان بۆ کرد دەرکەوتووە رێژهیەکی زۆری كبریتی تێدایه، كه هۆكاری سهرهكی نەخۆشی شێرپەنجەیە.
بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان، باسی لەوەشکرد، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هیچ کاتێک مامەڵەیکی دروستی لەگەڵ دۆسیەی ئاوارەکان نەکردووە، هەورەها دوایین بڕیاریشیان داخستنی کەمپەکان بووە.
رۆژی سێشەممە، (30ـی کانوونی دووەمی 2024) ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی له پهرلهمانی عێراق لەبارهی رەوشی ئاوارەکان له ههرێمی كوردستان به كوردستان 24ی راگهیاند، تا ئێستا خێوهتی ئاوارهكان لهلایهن وهزارهتی كۆچی عێراق نهگۆڕدراوه و له ههمانكاتدا خۆراكی ماوهبهسهرچوو بهسهر ئاوارهكاندا دابهش دهكرێت.
بە گوتەی گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئهو نهوتهی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بەسەر ئاوارەکاندا دابهشكراوه، "رێژهیەکی زۆری كبریتی تێدایه، كه هۆكاری سهرهكی گڕگرتنی خێوهتهكانه".
بەپێی دوایین ئامارەکان، 926 هەزار و 18 ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان هەن، لەو ژمارەیە 664 هەزار و 237 کەسییان ئاوارەن و 261 هەزار و 781 کەسییان پەنابەرن، ساڵانەش بۆ خەرجی ئەو ئاوارە و پەنابەرانە، هەرێمی کوردستان پێویستی بە 866 ملیۆن دۆلارە و حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆی گشتیی خەرجییەکان لە ئەستۆ گرتووە.