یونامی: خەمبارین بە گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان لە هێرشەکان

K24 – هەولێر:
یونامی نیگەرانی خۆی نیشاندا لە گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان لە هێرشەکانی چەند رۆژی رابردوو، داواش لە لایەنەکانی ململانێکان دەکات دانبەخۆدابگرن.
رۆژی شەممە (3ـی شوباتی 2024) لە راگەیەندراوێکدا یونامی ئاماژەی بەوەکردووە: "یونامی خەمبارە بە گیانلەدەستدان و برینداربوونی هاووڵاتییان بەهۆی هێرشەکانی ئەم چەند رۆژەی رابردووەوە. بەردەوامبوونی ئەو هێرشانە دەرەنجامی زۆر خراپیان دەبێت. یونامی دووبارە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات ئەوپەڕی دانبەخۆدابگرن".
بەرەبەیانی رۆژی شەممە (3ـی شوباتی 2024) فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان لە عێراق و سووریا هێرشی ئاسمانییان دژی سوپای پاسداران، سوپای قودس و گرووپە پاشکۆکانیان ئەنجامدا و زیاتر لە 85 ئامانجیان پێکاوە.
لە بەرامبەر ئەو هێرشانە، یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، هێرشەکانی ئەمەریکا لە قائیم و ناوچە سنوورییەکانی عێراق پێشێلکردنی سەروەری عێراقە و تێکدانی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقە.
له كاردانهوهی كوشتنی سێ سهربازهكهی ئهمەریكا له بنكهی "تی-22"ـی سنووری ئوردن، ئهمەریكا هێرشهكانی بۆ سهر بنكه و بارهگاكانی گرووپ و میلیشیاكان له عێراق و سووریا دهستپێكرد، تێیدا 85 پێگەی سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکان و چەندین کۆگای درۆن و مووشەکیش لەو دوو وڵاته وێرانكران.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لە بۆردومانەکانی سوپای ئەمەریکا لە عێراق و سووریا نزیکەی 40 کەس کوژراون.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بانگهێشتی دهیڤید بێركهر هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا کردووە و نامهی ناڕهزایهتی لهبارهی هێرشهكهی سوپای ئەمەریکا رادهستدهكات و له بهشێكی نامهكهدا هاتووه: "بهكارهێنانی خاكی عێراق بۆ یهكلاییكردنهوهی ململانێكان، رهتدهكهینهوه".