فلۆرێنتینۆ پێرێز بە یاریزانێكی بارسێلۆنا سەرسامە

بە گوێرەی سەرچاوەیەكی راگەیاندنی ئیسپانیا، فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆكی یانەی ریال مەدرید چاودێری یاریزانێكی بارسێلۆنا دەكات و دەیەوێت بۆ هاوینی داهاتوو بیگوازێتەوە، بەڵام ئەو یاریزانە لە لایەن بایرن میونشنی ئەڵمانیاشەوە خواستێكی گەورەی لەسەرە.
پێگەی هەواڵی ئاسی ئیسپانیا ئاشكرای كردووە ئێستا ریال مەدرید لەڕووی بەرگرییەوە كێشەی گەورەی تێكەوتووە، بۆیە ئێستا كارگێری ریال مەدرید بە ڕاوێژ لەگەڵ كارلۆ ئانچیلۆتی دەیانەوێت بۆ هاوینی داهاتوو بەرگریكارێكی سووپەر بگوازنەوە.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، ئانچیلۆتی و فلۆرێنتینۆ پێرێز گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی باشترین چارەسەر بۆ رێكخستنەوەی هێڵی بەرگری ریال مەدرید گواستنەوەی رۆناڵد ئاراوخۆی بەرگریكاری ئۆروگوایی یانەی بارسێلۆنایە.
سەرچاوەكە نووسیویەتی: فلۆرێنتینۆ پێرێز زۆر بەو بەرگریكارەی بارسێلۆنا سەرسامە و لەمێژە بە دوای دەرفەتێك دەگەڕێت بۆ ئەوەی بیگوازێتەوە ریزەكانی ریال مەدرید.
لە لایەكی دیكەیشەوە، پێگەی داریۆ گۆڵی ئیسپانیا، ئەم هەواڵەی پشتڕاست كردووەتەوە و رایگەیاند فلۆرێنتینۆ پێرێز دەیەوێت لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوو رۆناڵد ئاراوخۆ بگوازێتەوە، بەڵام بایرن میونشن گەورەترین بەربەستە لەبەردەم ریال مەدرید، چونكە یانە باڤارییەكەی ئەڵمانیا زۆرترین خواستی بۆ گواستنەوەی ئەو بەرگریكارە ئۆروگواییە هەیە.
رۆناڵد ئاراوخۆی تەمەن 24 ساڵ، لە هاوینی 2018 لە یانەی بۆستن ریڤەری ئۆروگوای بە بەهای 4 ملیۆن یۆرۆ روویكردە تیپی دووەمی بارسێلۆنا، پاشان یانە كەتەلۆنییەكە لە 2020 گرێبەستەكەی تا 2026 بە بەهای تەنیا 10 ملیۆن یۆرۆ درێژ كردەوە، ئێستاش لە بۆرسەی یاریزانان نرخی گەیشتووەتە 70 ملیۆن یۆرۆ، ریال مەدرید دەرفەتی لەبەردەمە لە هاوینی داهاتوو ساڵێك پێش كۆتایی هاتنی گرێبەستەكەی بكەوێتە گفتوگۆ بۆ گواستنەوەی ئاراوخۆ.
ئاراوخۆ لەگەڵ تیپی یەكەمی بارسێلۆنا 138 یاریی كردووە، 8 گۆڵ و 3 ئاسیستی تۆمار كردووە، 3 نازناویشی لەگەڵ یانە كەتەلۆنیاییەكە بەدەستهێناوە، جامی سووپەری ئیسپانیا، لالیگا و جامی شای بردووەتەوە.
