ئەمڕۆ یەکەمین کۆبوونەوەی بەشێک لە ئەنجوومەنە نوێیەکانی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت

هۆڵی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
هۆڵی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

K24 - هەولێر

وابڕیارە ئەمڕۆ یەکەمین کۆبوونەوەی بەشێک لە ئەنجوومەنە نوێیەکانی پارێزگاکانی عێراق بکرێت و سەرۆکی ئەنجوومەن و پۆستەکانی دیکەی ئەنجوومەنەکان هەڵبژێردرێن و یەکلاییبکرێنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 05-04-2024، کاتژمێر 02:00ـی دواینیوەڕۆ، زۆرینەی ئەنجوومەنە نوێیەکانی پارێزگاکانی عێراق یەکەمین کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجام دەدەن و سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنەکان هەڵدەبژێردرێن. لە بەشێک لە پارێزگاکان، بەهۆی نەبوونی رێککەوتنی سیاسی، چاوەڕێ ناکرێت رێژەی یاسایی ئامادەبوونی ئەندامان تەواو ببێت و کۆبوونەوەکە بکرێت.

"هەوڵی پەکخستنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەدرێت"

وابڕیارە کاتژمێر 02:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 05-04-2024، یەکەمین کۆبوونەوەی خولی سێیەمی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەنجام بدرێت؛ بەڵام بەهۆی نەبوونی رێککەوتنی سیاسی لەنێوان لایەنەکان بۆ دابەشکردنی پۆستەکان، پێشبینی ناکرێت کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێت.

هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24، لەنێو هۆڵی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، کورد حەوت کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە هەیە (پارتی دوو و یەکێتی پێنج) لەگەڵ کورسییەکی کۆتای کریستییان، کە کۆی گشتی دەکاتە هەشت کورسی. ئەگەر ئەمڕۆ هەمووشیان بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن رێژەی یاسایی "نیسابی یاسایی" تەواو نابێت و ناتوانن کۆبوونەوەکە بەڕێوەببەن، چونکە عەرەب و تورکمانەکان بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کردووە. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لایەنە عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووک هەوڵدەدەن کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگا پەکبخەن. ئەمە لە کاتێکدایە هەموو لایەنەکان داوای پۆستی پارێزگار دەکەن و تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکی سیاسی لەنێوانیاندا نییە.

 

 

دوو ئەندامەکەی فراکسیۆنەکەی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە پێش هەموو ئەندامانی دیکە گەیشتنە هۆڵی کۆبوونەوەکە. حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی، "پێویستە ئەمڕۆ بێت یان سبەی، هەموو لایەنە سیاسییەکان لەبارەی پێکهێانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک بگەنە رێککەوتن بۆ ئەوەی بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانی شارەکە بکەین".

وەکو ئەوەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک باسی کرد،  "هەموو لایەنێک مافی خۆیەتی داوای پۆستی پارێزگاری کەرکووک بکات، بەڵام گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان ئەو پۆستە یەکلایی دەکاتەوە. بێجگە لە دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ، هیچ چارەیەکی دیکەمان نییە، دەبێت بگەینە رێککەوتن".  

لە نەینەوا گفتوگۆکان لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بەردەوامن

دەرمان باعەردی، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، بڕیار وابوو دوێنێ یەکشەممە، 04-02-2024، ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای نەینەوا یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات، بەڵام بەهۆی نەبوونی رێککەوتنی سیاسی، کۆبوونەوەکە بۆ ئەمڕۆ کاتژمێر 02:00ـی دوانیوەڕۆ دواخراوە.  

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا گفتوگۆکان لەنێوان لایەنە سیاسییەکان لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەردەوامن. گوتیشی، "پێشبینی دەکرێت ئەحمەد حاسوود، لە لیستی عەقدل وەتەنی ببێتە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بەڵام ئەمە فەرمی نییە و لەوانەیە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا گۆڕانکاری بەسەردا بێت".

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، پۆستی پارێزگاری نوێی نەینەوا لە لیستی "نەینەوا ئەلموەحەدە" دەبێت کە خاوەنی 13 کورسییە لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا و، جێگرەکەیشی لە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بێت.

لە دیالە رکابەرییەکی توند لەنێوان لیستەکەی حەلبووسی و خەنجەردا هەیە

هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24 لە بەردەم باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە رایگەیاند، بڕیار وابوو کاتژمێر 01:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 05-04-2024، ئەنجوومەنی نوێی پاێزگاکە یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات، بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی ئامادەنەبوونی تەواوی ئەندامان، کۆبوونەوەکە نەکراوە.

پەیامنێری کوردستان24 گوتی، بڕیارە "ترکی جەدعان" لە لیستی "دیالەتونا" کە بەتەمەنترین ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەیە، سەرۆکایەتیی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە بکات.

بە گوێرەی زانیارییەکان، رکاربەرییەکی توند لە نێوان نەزار نهێبی، لە لیستی سیادەی خەمیس خەنجەر و عەمەر کەروی، لە لیستی تەقەدوومی محەممەد حەلبووسی هەیە بۆ ئەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاری نوێی دیالە وەربگرن. گوتیشی، بەوپێیەی زیاتر لە 48 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، چاوەڕێ دەکرێت موسەنا تەمیمی، پارێزگاری ئێستا دیالە، جارێکی دیکە ببێتەوە پارێزگار.

سەرۆک ئەنجوومەنی پارێزگاکانی واست و نەجەف هەڵبژێردران

ئەمڕۆ دووشەممە، 05-04-2024، ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای واست، عەلی سەلموون، وەکو سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگاکەی هەڵبژارد. هاوکات محەممەد مەیاحی، بە پارێزگاری نوێی واست لەلایەن ئەنجوومەنەکەوە هەڵبژێردرا.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای نەجەف یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و تێیدا واحید عەبوود عیساوی، وەکو سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگاکە هەڵبژێردرا.

 

Fly Erbil Advertisment