لەکۆی 15 پارێزگا؛ تەنیا کەرکووک و دیالە پارێزگاری نوێیان هەڵنەبژاردووە

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک - وێنە: کوردستان24
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک - وێنە: کوردستان24

K24 – هەولێر:

دوای هەڵبژاردنی پارێزگاری میسان، لەسەر ئاستی ئەو 15 پارێزگایەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی تێدا بەڕێوەچوو، تەنیا ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کەرکووک و دیالە سەرکەوتوونەبوون لە هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا لە نێوان لایەنە سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردن.

ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگای میسان، بە زۆرینەی دەنگ سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و پارێزگاری هەڵبژارد، دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی یەکەمدا سەرکەوتوونەبوون لە یەکلاییکردنەوەی دابەشکردنی پۆستەکان، لە دانیشتنی رۆژی (8ـی شوباتی 2024) ئەنجوومەنی پارێزگای میسان بە زۆرینەی دەنگ، هەریەکە لە مستەفا دعیر عەبد حەسەنی بە سەرۆکی ئەنجوومەن و حەبیب زاهڕ فەڕتووسی بە پارێزگاری میسان هەڵبژارد.

لە کۆی ئەو 15 پارێزگایەی لە کۆتایی ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی تێدا بەڕێوەچوون، تەنیا ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کەرکووک و دیالە تاوەکو ئێستا سەرکەوتوونەبوون لە هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ بۆ پارێزگاکانیان و چاوەڕێش دەکرێت ئەگەر لایەنەکان نەگەنە رێککەوتن، ئەو پرسە ببرێتە دادگای فیدراڵی.

پێش چەند رۆژێکیش، پارێزگای موسەنناش کە یەکێک بوو لەو پارێزگایانەی سەرەتا لایەنەکان سەرکەوتووەکانی نێو ئەنجوومەنی پارێزگاکانیان، نەینتوانی لە دانیشتنی یەکەم پۆستەکانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەن و پارێزگارەکان یەکلایی بکەنەوە، کە موهەندە عتابی، بە پارێزگاری موسەننا هەڵبژێردرا.

رۆژی دووشەممە (5ـی شوباتی 2024) خولی سێیەمی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە سەرۆکایەتی بە تەمەنترین ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنەکە دەستیپێکرد و ئەندامە عەرەب و تورکمانەکان بەشداری کۆبوونەوەکەیان نەکرد بۆیە دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

لە هەمان رۆژدا، دوای دەستپێکردنی یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، بەهۆی کێبڕکێی توندی هەردوو لیستی سیادە و تەقەدووم بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی ئەنجوومەنی پارێزگاکە، دانیشتنەکە تەواونەکراو بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ، یەکلاییکردنەوەی تەواوی پۆستەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەرێککەوتنی سیاسی کراوە، کە پۆستی پارێزگاری سەلاحەددین هاوپەیمانی عەزم وەریگرتووە، پۆستی پارێزگاری بابل کوتلەی عەسایب وەریان گرتووە، هەروەها پۆستی پارێزگاری نەجەف رەوتی حیکمە وەریگرتووە، بەغدا دەوڵەتی یاسا وەریگرتووە، پۆستی پارێزگاری ئەنباریش تەقەدووم وەریگرتووە، بەسرەش هاوپەیمانی تەسمیم وەریگرتووە، هاوپەیمانی واست پۆستی پارێزگاری واستیان وەرگرتووە، هاوپەیمانی ئیبداعیش پۆستی پارێزگاری کەربەلای وەرگرت، پارێزگارەکانی موسەننا و زیقاریش لەلایەن رەوتی حیکمە و فەزیلە وەرگیراوە.

رۆژانی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە 15 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 41%،  کە شەش ملیۆن و 599 هەزار و 668 دەنگدەر روویان لە سندووقەکانی دەنگدان کرد.

لەم هەڵبژاردنەدا، زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەبوو، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش 7765 بنکەی ده‌نگدانی ئامادەکرد لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدانی لەخۆگرتبوو، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان. لە کاتێکدا 70 پارت و هاوپەیمانی سیاسیی کێبڕکێیان لەسەر 275 کورسی لە هەر 15 پارێزگاکە کرد کە نزیکەی شەش هەزار کاندید لەسەر لیستەکان و بەشێوەی سەربەخۆ، کێبڕکێی هەڵبژاردنیان ئەنجامدا.

Fly Erbil Advertisment