ماجید شنگالی: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هاوکاری ئاوارەکان ناکات

ماجید شنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق
ماجید شنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق، رایدەگەیەنێت، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق چەندین جار کەلوپەل و خۆراکی ماوەبەسەرچووی بەسەر کەمپی ئاوارەکانی شنگال لە هەرێمی کوردستان دابەشکردووە، هاوکات دەیانەوێت بە زۆرەملێ ئاوارەکان بگەڕێننەوە ناوچەکانی خۆیان لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو کارەی رەتکردووەتەوە.

ماجید شنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، ئێمە زۆر رەخنەمان لە کارەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هەیە، بەهۆی ئەوەی ئاورەکانی شنگال وەک کارتێکی سیاسی بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنێت.

سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق، راشیگەیاند، جگە لەوەی چەندین جار خواردنی ماوەبەسەرچوویان لە کەمپی ئاوارەکانی شنگال دابەشکردووە، هاوکات لە ساڵی 2023 تەنیا سێ جار کەلوپەل و خۆراکیان بەسەر کەمپەکانی ئاوارەکانی شنگال دابەش کردووە، لە راستیدا دەبوو هەموو مانگێک کەلوپەل و خواردن بەسەریاندا دابەش بکەن.

ماجید شنگالی، دەڵێت: بۆ هەموو لایەک روونە کە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە دابەشکردنی کەلوپەل و خۆراک گەندەڵی دەکات، بەهۆی ئەوەی چەندین جار ئەو کاڵانەیان بە پارە لە دەرەوەی کەمپەکان فرۆشتووە.

سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: بەداخەوە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە سەردەمی موستەفا کازمی وەزیری ئەو وەزارەتە بوو کە نەیتوانیبوو لە راپەڕاندنی کارەکانی سەرکەوتوو بێت، بەڵام بەداخەوە لەم کابینەیەشدا دووبارە بە وەزیری ئەو وەزارەتە هەڵبژێردرایەوە.

ماجید شنگالی، ئاماژەی بەوەشدا، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بە گەندەڵییەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەزانێت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی نەبووە لە بەرانبەر ئەو کارانەی ئەم وەزارەتە.

سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: ئێمە داوامان کردبوو مانگانە بۆ هەر خێزانێک لە ئاوارەکان بڕە پارەیەک دابین بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی ئەو داواکارییەی ئێمەیان نەداوەتەوە.

گوتیشی: "ئامانجی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق داخستنی کەمپی ئاوارەکانە لە هەرێمی کوردستان و دەیەوێت بە زۆرەملێ خەڵەکەکی بۆ ناوچەکانیان بگەڕێنەوە، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو کارەی رەتکردووەتەوە، بەڵام ئەوان بیانوویان بۆ ئەم کارە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتەکیان هەماهەنگ نین، بەڵام ئەم قسانە دوورە لە راستییەوە".

Fly Erbil Advertisment