ئومێد خۆشناو بۆ کوردستان24: سبەی پێنجشەممە لە پارێزگای هەولێر پشوو نییە

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

K24 – هەولێر:

پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24ـی رایگەیاند، سبەی پێنجشەممە (15ـی شوباتی 2024) لە پارێزگای هەولێر دەوامی فەرمی لە سەرجەم دامودەزگاکان ئاساییە و پشوو نییە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر راشیگەیاند هەموو ئامادەکارییەکان بۆ مەترسی لافاو کراوە و هیچ هۆکارێک نییە تا سبەی پێنجشەممە بکرێتە پشوو.

هاوکات ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەی هەولێر، بە کوردستان24ـی گوت: ئێمە هەموو جارێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر شەپۆلێکی بارانبارین کە ئاگاداردەکرێنەوە لەلایەن کەشناسییەوە، بە چەند قۆناغێک خۆیان ئامادە دەکەن، یەکەم؛ ئامادەکاری پێش بارانبارین، کە تەواوی چاڵەکانی ئاووەرگرتن پاککراونەتەوە، دووەم؛ ئەو شوێن و گەڕەکانەی کە خاڵی لاوازن و مەترسی دروستبوونی لافاویان هەیە ئامێرەکانیان تێدا جێگیر دەکەن.

پارێزگاری هەولێر لە راگەیەندراوێکیشدا ئاماژەی بەوەدا، سبەی  لەسەرجەم دامودەزگا و فەرمانگەکانی سنووری پارێزگاکەمان دەوام ئاساییە، لەبەرئەوەی:

یەکەم/ لە ماوەى ساڵانى ڕابردوو و بەر لەوەرزى باران بارینى ئەمساڵ، لە پێناوى روونەدانى لافاو و کەمکردنەوەى مەترسیەکانى، هەموو ڕێکارێک لە پاککردنەوەى (رێرەوەکانى ئاوى سروشتى باران، ئاوى قورس، کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆلەکان، ئاوەڕۆكانی ناوشار) گیراوەتەبەر و پڕۆسەکەش تاکو ئێستا بەردەوامە.

دووەم/ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و فەرمانگاکان (شارەوانی، بەرگری شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ، زێرەڤانی، تەندروستی، تیمەکانی وەڵامدانەوەی خێرای مرۆیی) لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێکی نەخوازراو و مەترسی دروستبوونی لافاو.

سێیەم/ دواى ئه‌و هەموو هەوڵ و کارانەی کە لە ئێستا و لەڕابردوودا بۆ بەرگرتن لە لافاو و روونەدانی کراوە، بەپێویست نازانرێت سبەی بکرێتە پشوو.

رۆژی سێشەممە (13ـی شوباتی 2024) ده‌سته‌ی كەشناسی عێراقی بڵاویكرده‌وه،‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ شه‌پۆلێكی بارانبارینی به‌خوڕ هه‌رێمی كوردستان و عێراق دەگرێتەوە‌ و له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانیش به‌فر دەبارێت و له‌ رۆژهه‌ڵاتی عێراقیش ئه‌گه‌ری روودانی لافاو هه‌یه‌.

ده‌سته‌ی كه‌شناسی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، شه‌پۆله‌كه‌ له‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ ده‌ستپێده‌كات و تا رۆژی شه‌ممه‌ لە ناوه‌ڕاستی عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام بۆ ناوچه‌كانی باشوور، پێشبینی ده‌كرێت ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی كۆتایی بێت.

Fly Erbil Advertisment