پرسی هەرێمی ئەنبار دەورووژێنرێتەوە  

K24 - هەولێر

دوای ئەوەی پارتی تەقەدوم، زۆرترین کورسیەکانی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنباریان لەهەڵبژاردن بەدەست هێنا، جارێکی دیکە پرسی "هەرێمی ئەنبار" گەڕایەوە و سەر زمانەکان.

پارتەکەی حەلبووسی زاڵ بوو بەسەر پۆستی یەکەمی جێبەجێکردندا کە لەلایەن پارێزگارەوە نوێنەرایەتی دەکرا، هەروەها پۆستی سەرپەرشتیاری دووەم کە لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنەوە نوێنەرایەتی دەکرا، بەم شێوەیە زۆربەی ناوەندەکانی بڕیاردانی سیاسی و ئابووری و ئەمنی لە پارێزگاکەدا قۆرخ کرد، کە ئارەزووی بۆ ململانێیەکی نائاسایی لەنێوان نەیارە سیاسییەکانیدا بەرزکردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان قسەکردن لەسەر دامەزراندنی هەرێمی ئەنبار هاتووەتەوە بەرباس، هەروەها دانیشتوانی ئەو پارێزگایانەی زۆرینە سوننەن، بەتایبەتی ئەنبار، لەگەڵ ئەو سیاسەتانەی کە لەلایەن سیاسیە شیعەکانەوە ئەنجام دەدرێن بێزاربوون.

سەرچاوەیەکی نزیک لە هاوپەیمانی حەلبوسی بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی راگەیاند، چەند رۆژێک لەمەوبەر، نوێنەری "چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە" فالح خەزعەلی، پێکهاتەی سوننەی لە مافی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بێبەشکرد، پۆستەکەی لە دەستی چوارچێوەییەکان هێشتەوە کە موحسین مەندەلاوی سەرۆکایەتی دەکات بە وەکالەت.

ئەو سەرچاوەیە پێیوایە لێدوانی لەم جۆرە، تەنانەت ئەگەر لەلایەن یەکێک لە نوێنەرانەوە دەربچێت، "شێوازە باوەکانی بیرکردنەوەی هێزە شیعەکان سەبارەت بە مامەڵەکردنیان لەگەڵ هێزە سوننەکان ئاشکرا دەکات".

سەرچاوەکە ئاماژە بە ناڕەزایی بەهێز دەکات کە دانیشتوانی ئەنبار هەستی پێدەکەن، سەبارەت بە گەشەسەندنی کاریگەریی هەندێک لە کوتلە شیعەکان لەو پارێزگایەدا، هەروەها ترسی ئەوەیان هەیە کە بە تێپەڕبوونی کات، زاڵ بن بەسەر هەموو لایەنەکانی پارێزگاکەدا.

محەمەد حەلبوسی، لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، "ئەنبار پێشتر دەنگی داوە بۆ رەتکردنەوەی دەستوور، بەهۆی هەڵوێستی پتەو و هەمیشەیی لە سەر یەکپارچەیی خاکی عێراق، هەروەها پێگەی شێخ و رۆڵەکانی نەگۆڕاوە.

حەلبوسی دەشڵێت: بازرگانانی شەڕ و ململانێکان تا ئێستاش هەوڵی شێواندنی وێنەی ئەنبار و دەستکاریکردنی سەقامگیرییەکەی دەدەن و سەرناکەون.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە هێشتا چاوەڕێی حکومەتی فیدراڵی دەکەین تا برینەکانیانی دانیشتووانی ئەنبار ساڕێژ بکات، دۆسیەی قەرەبووکردنەوەکانیان تەواو بکات، شارەکان ئاوەدان بکاتەوە، دادپەروەری لەگەڵ بێتاوانەکان بکات، هەروەها دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەدەستبهێنێت و چارەسەری هۆکارەکانی سەرهەڵدانی تیرۆر بکات، ئەمانە داواکارییە راستەقینەکانی ئەنبارن و هیچی تر".

سەرچاوەکە پشتڕاستی دەکاتەوە، کە حەلبوسی سەرەڕای دوورخستنەوەی لە پەرلەمان، هێشتا یاریزانێکی چالاکە لە گۆڕەپانی سیاسیدا و زیاتر لە 30 نوێنەری لە پەرلەمانی فیدراڵی هەیە، هەروەها نزیکەی 20 کورسی لە ئەنجومەنی پارێزگاکاندا هەیە، ئەمەش دوو هێندە ترسی لەنێو نەیارەکانیدا دروست کردووە.

سەرچاوەکە پێی وایە، گرنگیدانی نەیارانی حەلبوسی لەسەر تۆمەتبارکردنی بە "دابەشکردنی وڵات ئامانجییان تێکەڵکردنی بیرۆکەی دامەزراندنی هەرێمە، کە لەلایەن دەستوورەوە پەسەندکراوە، بە پێچەوانەی بیرۆکەی دابەشکردن، کە بە یاسا و دەستوور رەتکراوەتەوە".

پارێزگا زۆرینە شیعەکان، هاوشانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بە جۆش و خرۆشەوە دەنگیان بە ریفراندۆمی دەستووری کە "فیدراڵی"ـیە دا، کە مافی پارێزگاکانیان پەسەند کرد بۆ پێکهێنانی هەرێمی تایبەت بە خۆیان، بە پێچەوانەی ئامادەنەبوونی زۆرێک لە دانیشتوانی پارێزگا زۆرینە سوننەکان لە دەنگدان بە دەستووری هەمیشەیی.

Fly Erbil Advertisment