سوودانی: گفتوگۆ لەبارەی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان لەگەڵ ئەمەریکا بەردەوام دەبێت

K24 – هەولێر:
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لە بەردەوامی گفتوگۆکان لە رێگەی لێژنەی باڵای هاوبەشەوە بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق کردەوە.
ئەمڕۆ هەینی (16ـی شوباتی 2024) لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کۆبووەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق کرد، هەروەها لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیان سوودانی جەختی لە بەردەوامی گفتوگۆکان لە رێگەی لێژنەی باڵای هاوبەشەوە بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق کردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا سوودانی ئاماژەی بەوەداوە، هەڵوێستی عێراق سەبارەت بە سەروەری خاکەکەی نەگۆڕە لەژێر هۆکار و هەلومەرجی جیاجیادا ناکرێت سەروەرییەکە پێشێل بکرێت.
لای خۆیەوە کامالا هاریس، سڵاوی سەرۆکی ئەمریکای گەیاندە سەرۆکوەزیرانی عێراق و بانگهێشتنامەیەکیشی پیشکەش بە ناوبراو کرد بۆ ئەوەی سەردانی واشنتن بکات.
هاوکات ئاماژەی بەوەدا، گرنگی بە گفتوگۆکانی لێژنەی باڵای سەربازی لەگەڵ عێراق دەدەین. جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئیدارەی ئەمەریکا پەرۆشی سەرکەوتنی حکومەتی عێراقە لە رووبەڕووبوونەوەی ئاستنگە جیاوازەکان.