"بەهێزترین بەربژێر بۆ شوێنگرەوەی رەمزی ساڵح ئاشكرا دەبێت"

بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24 لە 24 كاتژمێری داهاتوو كاروان عەلی دەبێتە راهێنەری نوێی یانەی چوارقوڕنە

رەمزی ساڵح راهێنەری دەستلەكاركێشاوەی یانەی چوارقوڕنە
رەمزی ساڵح راهێنەری دەستلەكاركێشاوەی یانەی چوارقوڕنە

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردسنتان24 كەوتووە، دكتۆر كاروان عەلی لە شوێنی رەمزی ساڵح دەبێتە راهێنەری نوێی یانەی چوارقوڕنە، نێوبراو پێشتر یاریزانێكی دیاری ئەو یانەیە بووە و خەڵكی شارەكەشە.
ئەمرۆ یەكشەممە، 18 شوباتی 2024، رەمزی ساڵح دوای شەش یاریی لە راهێنەرایەتیكردنی یانەی چوارقوڕنە كە هیچ سەركەوتنێكی تۆمار نەكرد، دەستی لەكاركێشایەوە.
بە گوێرەی سەرچاوەیەكی تایبەت بۆ كوردستان24، دكتۆر كاروان عەلی دەبێتە راهێنەری نوێی یانەی چوارقوڕنە، رۆژی چوارشەممە بەرامبەر زاخۆ دەست بە ئەزموونە نوێیەكەی دەكات.
كاروان عەلی لە بواری راهێنەرایەتی بڕوانامەی جۆری C ئاسیایی هەیە، هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایە لە بواری زانستی راهێنان و توانای جەستەیی، هاوكات بڕوانامەی نێودەوڵەتی لەبواری شیكردنەوەی تۆپی پێ هەیە، بەشداریی چەندان خولی راهێنەرایەتی كردووە و ساڵانێكی زۆریش یاریی بۆ یانەی چوارقوڕنە كردووە، ئێستاش بەهۆی خوێندنەوە لە هەولێر نیشتەجێیە، پێشبینی دەكرێت لە 24 كاتژمێری داهاتوو لە نێو بارەگای یانەی چوارقوڕنە بە فەرمی وەكو راهێنەری نوێی یانەكە بناسێندرێت. 

لە لایەكی دیكەیشەوە بڕیاردراوە سەرهەنگ عەبدوڵڵا راهێنەری پێشووی یانەی چوارقوڕنە وەكو سەرپەرشتیاری تیپەكە بگەڕێتەوە یانەكە، هاوكات لەگەڵ دەستبەكاربوونی راهێنەری نوێ، چارەنووسی یاریدەدەری راهێنەریش یەكلایی دەكەنەوە.
دكتۆر كاروان عەلی دەبێتە سێیەمین راهێنەر لەم وەرزە ئەركی راهێنەرایەتی چوارقوڕنە وەردەگرێت، مەحموود مەجید دوای ئۆفەرێكی لە یانەی رومادی لە خولی نایابی عێراق پێگەیشت یانەكەی جێهێشت، دواتر رەمزی ساڵح بەهۆی ئەنجامە خراپەكانی یانەكە دەستی لەكاركێشایەوە.
یانەی چوارقوڕنە حەوت یارییە لەسەریەك هیچ سەركەوتنێكی تۆمار نەكردووە، ئەم وەرزە لە كۆی 20 گەڕ تەنیا 6 یاری بردووەتەوە و 3 یاریی دۆڕاندووە و لە 11 یارییش یەكسانبووە، بە كۆكردنەوەی 29 خاڵ لە خانەی پێنجەمی ریزبەندی خولی نایابی كوردستان دێت.

كاروان عەلی راهێنەری داهاتووی یانەی چوارقوڕنە
كاروان عەلی راهێنەری داهاتووی یانەی چوارقوڕنە

 

كاروان عەلی لە كاتی خولی مەشقی راهێنەرایەتی لەگەڵ ساڵح سەدیر ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق
كاروان عەلی لە كاتی خولی مەشقی راهێنەرایەتی لەگەڵ ساڵح سەدیر ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق
.

 

.
.
.
.

 

 

 

Fly Erbil Advertisment