یەحیا رەسووڵ: راپۆرتی سەربازی بۆ کۆتایهێنان بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێشکەشکرا

K24 - هەولێر
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، کۆنووسی کۆبوونەوەکانی لیژنەی سەربازی پێشکەش کراوە بۆ تەواوکردنی پلانی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانییەکە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی شوباتی 2024، لە راگەیەندراوێکدا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، کۆنووسی کۆبوونەوەکانی لیژنەی سەربازی پێشکەش کراوە بۆ تەواوکردنی پلانی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانانا، سێ لیژنە لە لیژنەی باڵای سەربازیی کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە پێکهێنراوە و کۆبوونەوەیان لەگەڵ هاوتاکانیان لە بەغدا ئەنجامدا، بۆ تاوتوێکردنی ئەو بابەتانەی کە لە کارنامەکانیاندا ئامادەکراون، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی تیرۆر، هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ژینگەیی، و بژاردەکانی ئێستا و داهاتوو بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق.
لیژنەکان کۆنووسی کۆبوونەوەکانیان پێشکەش کرد بەمەبەستی تەواوکردنی پێداویستییەکانی پلانی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، و هەنگاونان بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییە فراوانەکان لەگەڵ وڵاتانی ئەندام، لەگەڵ بەردەوامیی ئەنجامدانی کۆبوونەوە خولییەکانی خۆیان بۆ تەواوکردنی کارەکانیان.